بۆكان/ دەستبەسەركرانی مامۆستایەكی ئاینیی لەماڵەكەی خۆیدا بەردەوامە

13:33 - 9 سەرماوەز 2713
ئاژانسی كوردپا: یەك مانگ لەدەستبەسەر كردنی مامۆستایەكی ئاینیی و پێش‌نوێژی مزگەوتی ئاوایی \"سەراو\" لەناوچەی ئاڵەشینی بۆكان تێدەپەڕێ و لەو ماوەیەدا دانیشتوانی ئاواییەكەش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە بەروڕوی فشار بوونەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لوقمان پەرستش ناسراو بە هێمن بانەیی، پێش نوێژی مزگەوتی گوندی \"سەراو\" لە بۆكان، سەرەڕای ئەوەی كە پێشنوێژی كردنی لێ قەدەغە كراوە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە ئاگادار كراوەتەوە كە دەبێ ناوچەی بۆكان بە جێ‌بهێڵێت.

بڕیاری دوور خستنەوەی ئەو مامۆستا ئاینییە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکان و ناوەندی ئیسلامیی شاری بۆكانەوە دراوە.

بەوتەی چەند كەسێكی ئاوایی سەراو، لەحاڵی حازردا ئەو ئاواییە بێ‌پێش‌نوێژە و هێزە ئیتلاعاتییەكان ئیزنیان نەداوە كە خەڵكی مامۆستایەكی دیكەی ئاینییی بۆ ئەو ئاواییە بهێنن.

١٥٠ بنەماڵە لەئاوایی سەراو لەناوچەی ئاڵەشین ژیان بەسەر دەبن و دوای دەستبەسەركرانی مامۆستا هێمن بانەیی بێ‌پێش‌نوێژ ماونەتەوە.

دانیشتوویەكی ئاوایی سەراو بە هەواڵنێری ئاژانسی كوردپای لەبۆكان راگەیاندووە، ناوەندە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران فشارییان خستۆتە سەر ئاواییەكانی كانی كووزەڵە و ئەرمەنی بڵاغی لەناوچەی ئاڵەشێن و ئیزنیان نەداوە ئەوانیش پێش‌نوێژییان هەبێت.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، مامۆستا هێمن بانەیی لە نوێژی هەینی‌دا ناڕەزایەتیی بە كارگەیەكی بەرهەم هێنانی پووشاڵی سندووقی میوەجات دەربڕیبوو كە قورئانیان بۆ داپۆشینی میوە ورد كردبوو کە دوای ئەو ئاخاوتنەی كەوتبووە ژێر زەخت و گوشاری دەزگا ئەمنیەکانی حکوومەتی ئێرانەوە.

ئەو مامۆستایە رێكەوتی ٢٤ی رەزبەری ئەمساڵ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە دەستبەسەر كرابوو، هەروەها كامپیوتێر و كۆمەڵێک كەلوپەلی شەخسیی ناوبراویش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.