بۆ یەکەمجار لە قوتابخانەیەکی سەقز، وانەی زمانی کوردی دەوترێتەوە+وێنە

14:29 - 10 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: بۆ یەکەمجار لە دوای هاتنەسەر کاری حکوومەتی ئیسلامیی ئیران، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سەقز، بە شێوەی فەرمی مۆڵەت بە وتنەوەی وانەی زمانی کوردی درا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی رەشەمە، حەفتەیەک پاش رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی، کتێبی \"وانەی کوردی\" لە قوتابخانەی (سەلاحەدینی ئەییوبی)ی لە شاری سەقز، بە بەشداریی مامۆستایانی ئەو قوتابخانەیە پەردەی لەسەر لادرا.

کتێبی وانەی کوردی، کە بە قوتابیانی قۆناغی ناوەندیی قوتابخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی دەوترێتەوە، لەلایەن گروپی \"زمانی فارسی\"ێەوە ئامادە کراوە.

رۆژی ٢ رەشەمە، رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی، یەکەم وانەی کوردی لە فێرگەکانی تایبەت بە خولی یەکەمی قۆناغی ناوەندیی سەقزدا وترایەوە.

\"25070.jpg\"
وتنەوەی وانەی زمانی کوردی بۆ یەکەمجار لە قوتابخانەکانی سەقز
محەمەد عیرفان پارسا، عەبدولخالق رەحمانی (شەیدا)، ئەمیر حەبیبی، مەحمود کەرەمی (نەوا)، زاهید ئارمی و ئەنوەر برقی، دەستەی نووسەرانی ئەو پەرتووکە کوردییە بوون.

یەکەم وانەی ئەو کتێبە کوردییە، ژیان و بەرهەمەکانی ژیلا حوسێنی ژنە شاعیری کوردی شاری سەقزی لە خۆ گرتووە، کە بە پۆلی حەوت دەوترێتەوە.

لە ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیدا هاتووە کە خوێندن بە زمانی زگماکی بۆ نەتەوەکانی پێکهێنەری وڵاتی ئێران لە شوینی نیشتەجیبوونی خۆیان رێگە پێدراوە\".

بوونی ئەو ماددە دەستوورییە لە یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران لە کاتێکدایە، کە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان مامۆستایانی کورد لە قوتابخانەکان هۆشدارییان پێدراوە بۆ پاراستنی و پەرەگرتنی زمانی فارسی، لە ئاخاوتن بە زمانی کوردی خۆ ببوێرن.

\"25038.jpg\"

\"25069.jpg\"