بۆ یەکەم جار یاد و بیرەوەریی سەنجێرخانی وەزیری لە سنە بەرز ڕاگیرا

21:23 - 22 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: ڕێوڕەسمێک بە بەشداریی چالاکانی مەدەنیی کورد بۆ ڕێزگرتن لە سەنجێرخانی وەزیری لە سنە بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن کە سەردار سەنجێرخانی وەزیری بە بەشداریی خەڵک و چالاکانی مەدەنیی کورد کە گوندی \"نەوەڕا\" سەر بە شاری سنە بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە لە کۆشکی سەنجێرخان بەڕێوە چوو، جەماڵ ئەحمەدئایین، فەڕۆخ لیقا وەزیری، هادی ئەدەب، سەباح حەسەنی، جەلال شەریعەتی، ئیجلال قەوامی، غەریب سەجادی، لەیلا وەزیری، فەردین کەمانگر، هاشم حسامی، مەنسوور ڕەحمانی، ئەسعەد فەتاحی و ڕەئووف کەریمی لەبارەی ئەو کەسایەتییە و سەردارە بە ناوبانگەی کورد قسەیان کرد.

\"29760.jpg\"
سەنجێرخانی وەزیری ناسراو بە \"سەردا ئەکەرم\"
کۆڕگێرانی لەبارەی کەسایەتی ناوبراو گوتیان: \"سەنجێرخان کەسایەتییەکی خەڵكی و ئازادیخواز بوو کە بە پشتیوانی لەسەر هێزی خەڵک توانی هێزە داگیرکەرەکانی ڕووسی لە خاکی کوردستان دەر کات\".

چالاکانی مەدەنیی بەشدار لەو ڕێوڕەسمەدا باسیان لەوە کرد کە ناو نەهێنانی ئەو سەردارە بە ناوبانگەی کورد لە مێژووی ئێراندا زوڵمێکی گەورەیە لەو کەسایەتییە ناودارە.

لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، هونەرمەندان سەعدوڵڵا نەسیری و ئەرسەلان سەیدجانی چەند پارچە گۆرانییان پێشکەش کرد.

ئەو ڕێوڕەسمە بە بەشداریی چالاکانی مەدنیی کورد لە سەر گڵکۆی ناوبراو کۆتایی پێهات.

سەنجێرخانی وەزیری ناوسراو بە \"سەردار ئەکڕەم\" لە بنەماڵەی ئەردەڵانییەکانی گوندی نەوەڕا بووە دواتر بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی زێدی خۆی بەجێ دەهێلێت.

دوای داگیرکردنی کوردستان لە لایەن ڕووسیەوە سەنجێرخانی وەزیری بە پشتیوانی خەڵک لە شەڕی جیاجیادا لە شارەکانی کامیاران، سنە، دێگولان، دیواندەڕە، سەقز و بۆکان هێزەکانی ڕووسی لە خاکی کوردستان دەر کرد.

ئەو سەردارە کوردە لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی، بە دەستی چەند بەکرێگیرواێک کوژرا.

\"29759.jpg\"

\"29755.jpg\"

\"29757.jpg\"