بۆ گۆڕینی روانگەی خەڵک لەسەر قەرەچییەکان، لە سلێمانی پیشانگەیەکی فۆتۆگرافی کرایەوە+وێنە

15:21 - 12 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لە شاری سلێمانی پیشانگەیەکی تایبەت بە وێنەی جۆراوجۆر لە کولتوور، داب و نەریت و پیشە و کەسپ و جلووبەرگی قەرەچییەکانی جیهان و کوردستان، کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەر سەنتەری رۆشنبیریی قەرەچ، پیشانگەیەکی فۆتۆگرافیی تایبەت بە وێنەی هۆزی قەرەچی نیشتەجێی وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیهان بەرەورووی خەڵکدا کردەوە.

فاخیر حازم ناسراو بە فاخیر قەرەچ، سەرۆکی سەنتەری رۆشنبیریی قەرەچ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، ئامانجی لە کردنەوەی ئەو پیشانگەیە بۆ پێکهێنانی گۆڕانکاری لەسەر روانگەی خەڵک لەهەمبەر هۆزی قەرەچدا گەڕاندەوەو رایگەیاند؛ کە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵک بەرەوڕوو بۆتەوە.

سەرۆکی سەنتەری قەرەچ، گوتیشی؛ بەداخەوە قەرەچ تەنیا بە خەڵکی سەرشەقام و ئەنجامدەری کاری ناشارستانییانە ناسراوە، بەڵام لە ناو قەرەچیشدا هونەرمەند، خەڵکی رۆشنبیر هەیە و ئێمەش هەوڵ ئەدەین ئەو فەرهەنگە پەرەی بگرێ و ئەو فەرهەنگەش بە پارێزراوی بمێنیتەوە.

\"22996.jpg\"
فاخیر حازم ناسراو بە فاخیر قەرەچ، سەرۆکی سەنتەری رۆشنبیریی قەرەچ
فاخیر قەرەچ دەڵێ، لەو پیشانگەیەدا وێنەی قەرەچییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان و بەتایبەت شارەکانی ورمێ و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا پیشان دراون.

ناوبراو روونی کردەوە، لە ئێستادا قەرەچەکانی کوردستان ناسنامەیان پێدراوەو سنوور نابەزێنن و بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی وەکوو هۆلەند و سوید رێز لە قەرەچییەکان گیراوە، بەڵام لە وڵاتانی وەکوو فەڕانسە و ئاڵمان ئیقامەیان پێنادرێ.

سەنتەری رۆشنبیریی قەرەچ حەشیمەتی قەرەچەکانی لە هەموو جیهاندا بە ١٠ ملوێن و ١٥٣ هەزار کەس لە قەڵەم داوە، کە زۆرترین ژمارەیان لە وڵاتانی عێراق، میسر، بەرازیل، ئێران و ئیسپانیا دایە و بەپێی هێندێک سەرچاوە رچەڵەکی قەرەچییەکان هیندییە و لە وڵاتی هیندستانەوە بەرەو وڵاتانی دیکە رۆیشتوون و بڵاو بوونەتەوە.

فاخیر قەرەچ سەبارەت بە کۆکردنەوەی ئاماری حەشیمەتی قەرەچەکانی جیهان، گوتی:بەشێکی لە ئینترنێت و بەشێکیشی لە قەرەچەکانی وڵاتی ئاڵمان وەرگیراوە، کە ئامارەکە بۆ ساڵی ٢٠١٢ دەگەڕێتەوە.

قەرەچییەکان کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بە کۆمەڵێکی سەماکار، کاسب و مرۆڤی زیرەک ناسراون و لە کوردستانیش سەرقاڵی دروستکردنی پیشەی دەستی و ئامرازە دەستییەکانی تایبەت بە وەرزێڕین.

هۆزی قەرەچ لە وڵاتی ئێران لە شارەکانی، کرمان، شیراز، ئیسفەهان، خۆراسان، تاران و کوردستان، ورمێ، کرماشان و ئیلام و لوڕستاندا بڵاو بوونەتەوەو بە فاڵگرتنەوەو پیشەی دەستییەوە سەرقاڵن.

بەپێی هێندیک سەرچاوە، ریشەی زمانی قەرەچییەکان سانسکریتی هیندییە و لە ئاخاوتنی رۆژانەی خۆیاندا بە زمانی سانسکریت دەئاخێون.
\"22990.jpg\"

\"22994.jpg\"

\"23000.jpg\"

\"23001.jpg\"

\"22999.jpg\"

\"23005.jpg\"

\"22991.jpg\"

\"22992.jpg\"

\"22993.jpg\"

\"23006.jpg\"

\"23003.jpg\"

\"23004.jpg\"