بۆ ٥ هەزار ژنی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر لە کرماشان، کەمپێک دروست دەکرێ

14:52 - 2 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ژنانی توشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان لە وئستانی کرماشان، کەمپێکی تایبەت بە \"ولانانی ماددەی هۆشبەر\"، رێکخرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پرۆژەی دروست کردنی کەمپێک بۆ وەلانانی ماددە هۆشبەرەکانی تایبەت بە ژنان، لە گەڕەکی \"کانی سپی\"ی شاری کرماشان بەردی بناغەی بۆ داندرا.

جێگری بەشی ئیداری و ماڵی مەجلیس بۆ بەرنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، داندرانی بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیەی وەکوو \"پرۆسەی دەرمان کردنی ژنانی تووشبوو بە بەڵای ماڵوێرانکەری ماددە هۆشبەرەکان\" وەسف کرد.

بە گوتەی سەید نەجیب حوسێنی، ئوستانی کرماشان بە دووەمین ئوستانی وڵاتی ئێران دادەندرێ، کە ئەو ئیمکاناتەی بۆ دابین کراوە.

ئەو ناوەندە دەرمانییە، ٣٠٠ ملوێن تمەن بودجە و ٥٠٠ میتری چوارگۆشە زەوی، بۆ دروستکرانی تەرخان کراوە.

ئەو ناوەندە دەرمانییە، کە بڕیارە بە شێوەی بەکار نەهێنانی دەرمان بۆ نەهێشتنی ژەهر لە لەشی ژناندا کار بکات، دەبێ ٥ هەزار ژنی تووشبووی ئوستانی کرماشنای لەخۆ بگرێ.

هەنووکە زیاتر لە ١٠٠ ناوەندی \"میتادۆن دەرمانی\" لە ئوستانی کرماشاندا چالاکی دەکەن.

بەپێی لێکدانەوەکان، زیاتر لە ٦٠ هەزا تووشیوبوی مادە هۆشبەرەکان لە ئوستانی کرمانشان هەن، کە نێونجی تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵدایە.

دانانی بەردی بناغەی ئەو کەمپە هاکاتە لەگەڵ جێگری سیاسی و کۆمەڵایەتیی فەرمانداریی کرماشان، کە رایگەیاندبوو؛ :لە هەر رۆژێکدا ١٥ سواڵکەر لە شەقامەکاندا کۆ دەکەنەوە، کە زۆربەیان تووشبووی ماددە هۆشبەرەکانن\".

رۆژی رابردووش رەزا رەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە، لەسەدا ٨٠ی ئەو ژنانەی کە وازیان لە ماددەی هۆشبەر هێناوە، گەڕاونەتەوە سەر ژیانی ئاسایی و ناو خەڵک و کۆمەلگە.