بۆ هاووڵاتییانی ناڕازی لە کوردستان دۆسیەسازی دەکرێت
ئاژانسی کوردپا: دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری کرماشان، داوای لە دامودەزگاکانی حکوومەت کردووە، لەسەر هاووڵاتییانی ناڕازی سکاڵا تۆمار بکەن.
"محەممەدئەمین سادقی"، دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری کرماشان، لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا" ڕایگەیاند: "ناوەندە حکوومەتییەکانی خەساربەرکەوتوو بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی هاووڵاتییان، دەتوان لە دادسەرا و ناوەندە قەزاییەکان، سکاڵای خۆیان لەسەر ئەو هاووڵاتییانە تۆمار بکەن".
ئەو بەرپرسە قەزاییە، هاووڵاتییانی بە ئاژاوەگێڕ و دوژمنانی سوێندخواردووی ئینقلابی ئێران ناو برد و قامکی تاوانی بۆ ئۆپۆزسیۆنەکان ڕاکێشا.
دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری کرماشان، داوای لە ناوەند و دامودەزگاکانی حکوومەت کردووە کە دەتوانن سەردانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەو شارە بکەن و سکاڵای خۆیان لەسەر هاووڵاتییان تۆمار بکەن.
"محەممەد ئەمین سادقی" هەورەها دەڵێت، ئەو کەسانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکانەوە شناسایی دەکرێن و پاش دەسبەسەرکردنیان، سزا دەدرێن.
لێدوانەکانی دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری کرماشان لە حاڵێکدایە کە هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکان لە شارەکانی کوردستان، خەریکی ڕەشبگیری و سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی ناڕازین.