بۆ دروست کردنی خیرای بەنداو لەسەر چۆمەکانی کوردستان، ٦ ملیارد بودجە تەرخان کرا

20:19 - 3 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەو بەنداوانەی کە لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران دروست دەکرێن، لە سەدا ٩٠یان بۆ پاڵەنگ و مەهار کردنی ئاوی ناوچەکانی کوردستان دروست دەکرێن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆی ئەو ٨ بەنداوە گەورەیەی کە لەسەر سنوورەکانی وڵاتی ئێران لە حاڵی دروست کراندان، ٥ دانەیان لەسەر بەنداوەکانی کوردستانی ئێران ساز دەکرێن.

دروست کردنی ئەو چەند پرۆژەیە کە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەم ئاوی لە ئێران لە حاڵی دروست کردندان، بە سوپای پاسداران سپێردراوەو رێبەری حکوومەتی ئیسلامیش ٦ ملیارد دۆلار بودجەی بۆ تەرخان کردووە.

مەجید ئەنساری، جیگری سەرۆکی پارلمانی حەسەن رۆحانی، بودجەی ئەو چەند پرۆژەیەی ٨ ملیارد دۆلار راگەیاندووە.

بەنداوەکانی ئازاد، ژاوە، داریان، سەردەشت و هیروێ، ئەو چەند پرۆژەیەن، کە لە بەرنامەی وەزارەتی وزەو سامانە سروشتییەکاندا گونجێندراوە.

خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە، ٤ بەنداوی ئەو گەڵاڵەیە لەسەر ئاوی چۆمی سیراوان دروست دەکرێ، کە ئاسەوارە نەرێنییەکانی داوێنی ژینگەی ناوچەکەی گرتووەو \"کانی بڵ\" یەکێک لە قوربانیانی ئەو گەڵاڵەیە.

لە ماوەی ساڵانی رابردووشدا لە ئوستانی کوردستان ٧ بەنداو ئاوگیری کراون و ١١ بەنداویش لە حاڵی ساز کراندا بوون و هەروەها لە ئێستاشدا گەڵاڵەڕێژی بۆ دروست کردنی ٢٨ بەنداوی دیکەش دەکرێ.

رۆژنامەی \"ئیعتماد\" بە پشت بەستن بە ئامارەکان بڵاوی کردۆتەوە، ئوستانەکانی کوردستان، کرماشان، ئیلام، ئازەربایجانی رۆژئاوا پشکی لەسەدا ٩٣ی ئەو بەنداوانەیان بەر دەکەوێ.

پرۆژەی دروست کردنی بەنداو لەسەر چۆمی ناوچەکانی کوردستان لە ١٢ ساڵ پێش ئێستاوە دەستی پێکردووەو بەپێی راسپاردەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی ئەندام دەبێ هەتا ساڵی ٢٠٠٨ چارەنووسی چۆماوەکان دیاری بکەن.