بۆ دانەوەی تەرمی یەکێک لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی کرماشان، داوای بڕی ٧٠ ملیۆن تمەن کراوە

11:07 - 10 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: پزیشکی یاسایی کرماشان بۆ دانەوەی تەرمی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە، داوای بڕی ٧٠ ملیۆن تمەنی لە بنەماڵەکەی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بنەماڵەی "موحسێن کەرەمی ‌نیا" بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان لە پزیشکی یاسایی کرماشان، دەبێ بڕی ٧٠ ملیۆن تمەن پارە بدەن.

"موحسێن کەرەمی ‌نیا"، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر، لە گەڕەکی "جافرئاوا"ی کرماشان بە تەقەی مەئموورانی حکوومەت گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەی ئاگاداری ئاژانسی کوردپا لە کرماشان هەروەها شوناسی سێ کەسی دیکە لە کوژراوانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەی بە ناوەکانی "موزەفەر وەتەندووست، یوونس جەلیلی و سەعید ڕەزایی"، پشتڕاست کردەوە.

لە لایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان بە ناوی "پووریا ناسری خا" لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی تاران، بە تەقەی مەئموورانی حکوومەتی گیانی لەدەست دا.