بۆ تەواو کردنی بەنداوی قشڵاق ١٠٠ میلیارد تمەن پێویستە

14:12 - 29 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: پرۆژەی دروست کردنی بەنداوی قشڵاق کە لە ساڵی ٨٨ی هەتاوییەوە چووتە چوار چێوەی کاری کردەیی، هێشتاش تەواو نەبووە و لە بوودجەی ساڵی ٩٥یشدا هیچ پارەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە.

بەڕێوەبەری شیرکەتی ئاوی ناوچەی پارێزگای کرماشان لە وتوێژێکدا لەگەڵ\"ئیسنای\" کرماشان سەبارەت بە تەواوکردنی بەنداوی قشڵاق ڕایگەیاند: ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە ١٠٠ میلیارد تمەن پارە هەیە بۆ تەواو کردنی، بەڵام ئەمساڵ هیچ پارەیەک بۆ ئەو بەنداوە تەرخان نەکراوە.

\"کیاست ئەمیریان\" بە ئاماژە کردن بە تەواو بوونی ٦٩% کاری ئەو پرۆژەیە، ڕایگەیاند: ئەو بەنداوە بڕیار بوو، ساڵی ٩٣ یان سەرەتای ساڵی ٩٤ کۆتایی پێ بێت، بەڵام بە هۆی نەبوونی پارە پڕۆژەکە بە نیوەناچڵی ماوەتەوە.

هەروەها ناوبراو دەڵێت: تەرخان کردنی پارە بۆ بەنداوی قشڵاق لە گەڵاڵەی بوودجەی ئەمساڵدا، ٧.١ میلیارد تمەن بووە، بەڵام بڕە بوودجە هیچی دانین و هەروەها لە گەڵاڵەی بودجەی ساڵی ٩٦یشدا تەنیا ٤ میلیارد تمەن پارەی بۆ تەرخان کراوە\".

بە وتەی ئەو بەرپرسە، بۆ تەواوکردنی پرۆژەی بەنداوی قشڵاق ١٠٠ میلیارد تمەن پارە پێویستە.

دروست کردنی پرۆژەی بەنداوی قشڵاق لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوییەوە دەستی پێکردووە و ئامانج لە دروست کردنی ئەو بەنداوە دابین کردنی ئاوی خواردنەوە و پێشە درێژە خایەنەکانی شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان بەڕێژەی ٩میلیۆن مێتری سێ جا لە ساڵدا و هەروەها دابین کردنی ئاوی ٢٥٠٠ هێکتار لە زەوییە کشت وکاڵییەکان لە ناوچەکە بێت.

بەنداوی قشڵاق لە ١٥ کیلۆمێتریی باکووری شاری سەحنە و ٦٠ کیلۆمێتری شاری کرماشان هەڵکەوتووە.

زۆربەی بەنداوەکانی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارنەوە دروست دەکرێن.

پرۆژەی دروست کردنی بەنداو لەسەر چۆمی ناوچەکانی کوردستان لە ١٢ ساڵ پێش ئێستاوە دەستی پێکردووە و بەپێی ڕاسپاردەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی ئەندام دەبێ هەتا ساڵی ٢٠٠٨ چارەنووسی چۆماوەکان دیاری بکەن.