بڵاڤۆکێکی دیکەی خوێندکاری لە زانکۆی کرماشان داخرا

13:38 - 30 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: بڵاڤۆکی خوێندکاریی \"بێستوون\" لە زانکۆی \"رازی\"ی کرماشان پاش ٥ ساڵ چالاکی فەرهەنگی لەو زانکۆیە، بەرەوڕووی داخران بوویەوە.

\"پووریا سوڵتانی موقیم\" سەرنووسەری بڵاڤۆکی خوێندکاریی بێستوون لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٨ی رەشەمە لەلایەن جێگری بەشی فەرهەنگیی زانکۆی رازی کرماشانەوە ئاگادار کراینەوە کە بەهۆی نووسێنی وتارێک لەسەر رەوتی بەرەوپێشڤەچوونی پەروەندەی \"ستار بەهێشتی\" لەمەو بەدوا مۆڵەتی چاپ و بڵاو کردنەوە بڵاووکراوەی \"بێستوون\"تان نییە.

سەرنووسەری \"بێستوون\" راشیگەیاند: خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە بۆ دەبێ پاش تێپەڕبوونی ٣ مانگ بەسەر پەروەندەی \"ستار بەهێشتی\"دا، کە سەرجەم چالاکیی خوێندکارانی ئەو زانکۆیە ژێر چاوەدێری حیراسەت دایە، هەنووکە دەکەونە بیری داخستنی ئەو بڵاوڤۆکە خوێندکارییە.

\"سوڵتانی موقیم\" ئەوەشی خستەڕوو، کە ٢ ساڵ پێش ئێستا لەسەر سکاڵای رۆژنامەی کەیهان بە سەرنووسەریی \"حوسێن شەریعەتمەداری\" بە تۆمەتی پشتیوانی کردن لە میر حوسێن مووسەوی\" و مەهدی کەڕوبی\"، بڵاوکراوی بێستوون بۆ ماوەی ٣ مانگ چالاکییەکانی راوەستا.

بڵاوکراوەی بێستوون ٣٥ کەس بە شێوەی سەربەخۆ تێدا چالاکیان دەنواند و لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوییەوە و بە زمانی فارسی و هەر ژمارەی بە هەژماری ٥٠٠ دانە لە نێو زانکۆی \"رازی\"ی کرماشاندا چاپ و بڵا دەکرایەوە و زیاتر دەپرژایە سەر هەواڵی نێو زانکۆ و هەروەها کۆمەڵێک و راپۆرت و وتاری هەمە چەشنی تێدا چاپ دەکرا.

لە سەرەتای دەیەی ٨٠ی هەتاوی شەپۆلێکی بەربڵاو لە چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری خوێندکاری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و ئەو زانستگایانەی کە خوێندکاری کوردیان تێدا بوو دەستی پێکرد و تەنیا لە کرماشان گۆڤارە خوێندکارییەکانی \"زارۆی واران، ترووسکە، برووسکە و بێستوون\" بڵاو دەکرانەوە کەسەرجەمیان بەرەوڕووی داخران بوونەوە.