بڵاڤۆکی \"خۆرهەڵات\" لەسنە تەرخانی کوردەکانی خوراسان کرا

13:29 - 24 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: بڵاڤۆکێکی خوێندکاری لەشاری سنە، ژمارەی نوێی خۆی بە کوردەکانی خورسان تەرخان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بڵاڤۆکی خۆرهەڵات کە لەلایەن خوێندکارانی زانکۆی کوردستانەوە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، ژمارەی ١٢‌ی خۆیدا پرژاوەتە سەر کوردەکانی خوراسان.

لەم ژمارەیەدا وتووێـژێک لەگەڵ \"کەلیموڵڵا تەوەحودی\" لێکۆڵەر و مێژوونووسی خوراسان ئەنجام دراوە و چەند بابەتێکی دیکەی وەکوو \"کوردەکانی خۆراسان یان مێژووی نەنووسراوەی نەتەوەی کورد و تەوس لە ئەدەبی کوری‌دا\"ی تێدا گونجێندراوە و لەبڵاڤۆکەکەدا بڵاو کراوەتەوە.

هەروەها لەسەر رووبەرگی ژمارەی ١٢‌ی خۆرهەڵات، شێعرێکی کوردیی یەحیا عەلەوی‌فەڕ گونجێندراوە.

کوردەکانی خوراسان لە باکووری خوراسان و لە راز، جەرگەلان، بێجنورد، کەلاتی نادر و لەسنوورەکانی نیشابوور، سەبزەوار و مەشهەد و چناران نیشتەجێن.

کۆچی کوردان بۆ خوراسان لەکاتی دەسەڵاتی پاشاکانی سەفەویدا و بەمەبەستی بەرگری لەهێرشی ئۆزبەک، مەغۆل و تورکەمانەکان بۆ باکووری رۆژهەڵاتی ئێران، رووی داوە.

مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٠‌یش، بەڕێوەبەرانی بڵاڤۆکی خوێندکاریی ژیوار لەلایەن ناوەندی بەسیجی زانکۆی کوردستان لەسنە بە بیانووی \"بڵاو کردنەوەی بابەت لەژێر ناوی ناسیونالیزمی کورد\" هەڕەشەیان لێکرابوو.