بڵاوکردنەوەی بڕۆشوری تایبەت بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە شاری سنە

14:09 - 4 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کومیتەی ژنانی دامەزراوەی زاگرۆس، بە بۆنەی ۲۵ی نۆڤامبێرەوە \"ڕۆژی جیهانیی خەبات دژی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان\" دەستیان بە بڵاوکردنەوەی برۆشووریان لە نێو هاووڵاتییانی شاری سنە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کومیتەی ژنانی دامەزراوەی زاگرۆس لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیدا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەز لە پارکی منداڵی ئەو شارە هەتا گوێزەکوێر بە بڵاوکردنەوەی برۆشووری تایبەت و قسە کردن لەگەڵ خەڵکدا، دژ بە توندوتیژی وەستانەوە.

\"\"ئەم هەڵمەتە کە بۆ یەکەمجارە لە کوردستان و بەم شێوازە و لەم ئاستەدا بەڕێوەدەچێت لەلایەن هاووڵاتییانی شاری سنە پێشوازیێکی گەرمی لێ کرا.

ئامانج لەم هەڵمەتە ئاگادار کردنەوەی خەڵک لە ناوزەدکردنی ئەم ڕۆژە جیهانییە و گرینگیدان بە خەبات دژبە ئەم نەریتە نەشیاوەیە، کە ئێخەی ژنانی وڵاتی گرتووەتەوە. ئەم پەیامە ژنان و پیاوانی ئەرکدار کردەوە کە دەبێ هەموویان شان بەشانی یەک دژ بەم دیاردە قیزەوەنە بوەستنەوە و هەوڵ لە ناوبردنی بۆ بدەن.

کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩١ی زایینی ڕۆژی ٢٥ی نۆڤامبێریان وەکوو ڕۆژی جیهانی \"توندوتیژی دژی ژنان\" دیاری کردووە.