بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان؛ بە زیندانییانی سیاسی که حوکمی زیاتر لە ٥ ساڵ زیندانییان هەیە، مافی مورەخەسی نادرێت

12:45 - 9 رەشەمه 2719

پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان، بەرپرسی دەزگای دادوەری لە بەخشنامەیەکدا بە تەواوی ناوەندە دادوەرییەکانی ڕایگەیاندووە کە هەتا ١٥ی خاکەلێوەی ساڵی ٩٩، بە دانانی بارمتە یان کەفالەت بۆ زیندانییانی مەحکووم بە زیندان مورەخەسی بدرێت، بەڵام ئەو بەخشنامەیە ئەو زیندانییە سیاسییانە ناگرێتەوە کە زیاتر لە ٥ ساڵ زیندانییان هەیە.

بەپێی ئەو بەخشنامەیە، هەموو ئەو زیندانییانەی کە بەهۆی نەتەوانییان لە دانی سزای نەختی لە دەسبەسەریدان و هەروەها ئەو کەسانەش کە بەهۆی ماڵییەوە مەحکووم کراون، بە دانانی بارمتەی شیاو، بەرانبەر بە مەحکوومییەتەکەیان مورەخەسی دەدرێت.

ناوەڕۆکی ئەو بەخشنامەیە ئەو زیندانییانە ناگرێتەوە: "مەحکوومکراوانی دزیی چەکدارانە و دزیی ماڵی کە زیاتر لە ٥ ساڵ بە زیندان مەحکووم کراون و هەروەها تاوانباران بە دزیی ماڵیی زیاتر لە کەڕەتێک کە ٥ ساڵ زیندانییان هەبێت، سیخوڕی، هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی ئێران کە زیندانییەکەیان زیاتر لە ٥ ساڵ بێت، ڕفاندن، تیزاوڕشتن، قاچاخ و کڕین و فرۆشتنی چەک زیاتر لە دوو قەبزە، تاوانباران کە بە فرت و فێڵ ماڵی خەڵکی خواردووە و بە شێوەی گشتی سکاڵایان لە سەرە و تاوانبارانی قیساس و ئێعدام و...".

ئەو بەخشنامەیە لەلایەن یەکێک لە بەرپرسانی زیندانی ورمێ بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نێدراوە و ناوبراو ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە زیندانییانی بەندی ١٤ بە ناوی "ڕەشید" کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە لەلایەن پەرستارەکانی بێهداریی زیندان بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان ڕەوانە کراوە.

فەزای نێو زیندانی ناوەندیی ورمێ پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەستیار و لە هاتوچۆی تەواوی زیندانییان پێشگیری دەکەن و چاوپێکەوتن لەگەڵ زیندانییان هەڵوەشێندراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "باشگا، کتێبخانە، پۆلەکانی بارهێنان و بێهداریی زیندانی ورمێ پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داخراون".

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا باس لەوە دەکات کە دوو زیندانی لە زیندانی کرمان و زینداییەک لە زیندانی ئیسفەهان بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ قەرەنتینە ڕاگوێزراون.