بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانی ورمێ؛ بێبەریکردنی زیندانییانی سیاسی لە مافی مورەخەسی گرتن

11:45 - 14 رەشەمه 2719

پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، زیندانییانی سیاسی هێشتا لە پێدانی مافی مورەخەسی وەرگرتن بێبەرین.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "دادوەری چاوەدێریی زیندانییان بە بیانووی جۆراوجۆر لە دانی مافی مورەخەسی بە زیندانییانی سیاسی خۆ دەبوێرێت".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: ئەو هەوڵەی دادوەری چاوەدێریی زیندان، ناڕەزایەتیی توندی زیندانییانی سیاسی و بنەماڵەکانیانی لێ کەوتووەتەوە".

زیادیشی کرد: "بۆ دانی مافی مورەخەسی بە زیندانییانی سیاسی داوای بارمتەی قورس کراوە کە هەندێک لە زیندانییانی سیاسی لەم بارودۆخە قەیراناوییەدا توانای دابینکردنی بارمتەی قورسیان نییە".

پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان، بەرپرسی دەزگای دادوەری لە بەخشنامەیەکدا بە تەواوی ناوەندە دادوەرییەکانی ڕایگەیاندووە کە هەتا ١٥ی خاکەلێوەی ساڵی ٩٩، بە دانانی بارمتە یان کەفالەت بۆ زیندانییانی مەحکووم بە زیندان مورەخەسی بدرێت، بەڵام ئەو بەخشنامەیە ئەو زیندانییە سیاسییانە ناگرێتەوە کە زیاتر لە ٥ ساڵ زیندانییان هەیە.

ناوی ئەو زیندانییە سیاسیانەی کە بەپێی ئەو بەخشنامەیە لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە ئیزنی مورەخەسییان دەبێ پێ بدرێت بەم چەشنەیە: "هاشم دەروێشی، سیروان مەحموودی، ئەکبەر عومەری، هیدایەت عەلیزادە، وەفا ئەسەدی، محەممەد قەنبەردوست، یووسف قەرەنیپوور، ئیبراهیم حەدادی، سامان حوسێنی‌ ئەسڵ، سیروان حوسێنی ‌ئەسڵ، ئاران (مەجید) تەیباش، عارف محەممەدی، محەممەد شەریف سالم دزەیی، محەممەد سەلەحشوور، ئاوات جەوانبەخت، ساڵح خۆشکەلام، محەممەد حوسێنپوور، فاروق کوڕی خوسرەو، موحسین مەحاڵی، سەردار عوسمانی بەکر، بەشیر پیرموانا، ڕەحیم مەحموودی ئازەر، ڕەحیم توورگووت، پەرویز ناسری، سابیر کەمانی، کامران کەمانی، محەممەد میرزایی و پەیمان میرزازادە".