بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانی بۆکان و پێڕانەگەیشتن بە بارودۆخی زیندانییان

12:49 - 16 گەلاوێژ 2722

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە زیندانییان لە زیندانی بۆکان، لەگەڵ دەرکەوتنی هێندێک نیشانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەستەیان بەرەوڕووبوونەوە کە بەرپرسانی زیندان لە وەرگرتنی تاقیکاریی کۆرۆنا خۆیان بواردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی بۆکان لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: پاش بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانی بۆکان، بەرپرسانی زیندان هیچ شوێنێکیان بۆ دابڕگەی زیندانییانی تووشبوو بە کۆرۆنا، تەرخان نەکردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بەرپرسانی زیندانی بۆکان ڕێوشوێنێکیان بۆ پێشگێری لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەرچاو نەگرتووە و زیندانییە تووشبووەکان بە کۆرۆنا، لە دەستپێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەری کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: پاش بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، عەلی زاهید، دادستانی بۆکان بە پێدانی مەرەخەسی بە زیندانییان، دژایەتیی کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا هەروەها پێداگریی لە سەر ئەوە کرد کە نەبوونی ئیمکاناتی بێهداشتی، کەمیی دەوا و دەرمان لە بێهداری و خاوێن نەکردنەوەی بەندەکانی زیندانی بۆکان لە هۆکارەکانی بڵابوونەوەی ئەو نەخۆشییە، لە نێو زیندانییەکانە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: بارودۆخی ژەمە خواردنەکان لە زیندانی بۆکان زۆر خراپە و بەرپرسانی زیندان هەڕەشەی پێنەدانی مەرەخەسییان لەو زیندانییەیان کردووە کە لەو بارودۆخە، ناڕازیین.

زیندانی بۆکان لە جادەی بەنداوی پشت عەلوەی نوێ هەڵکەوتووە و چوار بەندی هەیە و ناوەندی بەڕێوەبەریی ئەو زیندانە، ڕێکخراوی زیندانەکانی هێزی دادوەرییە.