بکوژەکەی دوکتور قاسملوو, خانە خوێ و بەرپرسی مێوانداریی سوێندخواردنی ڕۆحانی بوو

16:25 - 18 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: محەممەد جەعفەری سەحرا ڕوودی، بەرپرسی نووسینگەی عەلی لاریجانی و بکوژی دوکتور قاسملوو، ڕێبەری کاریزماتیکی کورد و سکرتێری پێشووی حدکا، خانەخوێ ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی حەسەن ڕۆحانی لە میوانە بیانییەکان بووە.

حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئێران لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرکۆماری خۆیدا، بە خانەخوێی عەلی لاریجانی و بەرپرسی نووسینگەی محەممەد جەعفەری سەحراروودی، بکوژی دوکتور قاسملوو ڕێبەری کاریزماتیکی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە، بەڵێنی جێبەجی کردنی \"مافی هاووڵاتیی بوونی\" دا.

کەسایەتییە کوردەکان و ئۆڵی سوننی مەزهەب لە ئێران بۆ ڕێوەڕەسمی سوێندخواردنی حەسەن ڕۆحانی بانگهێشت نەکرابوون و فراکسیۆنی سوننی مەزهەب لە مەجلیسی ئێران، لە بەیانییەکدا ناڕەزایەتیی خۆیان ئامێز دا ڕەخنەیان لە سەرۆکی مەجلیس و سەرکۆماری ئێران گرت.

مەحموود سادقی، نوێنەری شاری تاران لە مەجلیس لە تووئێتری شەخسی خۆیدا لە پەیوەندیی لەگەڵ بەڕێوەبەری مەجلیس نووسیوویەتی\" نوێنەران لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی مەجلیس هیچ کارەن، هەموو شتێک بە ئیرادە و خواستی بەرپرس و بەرپرسی نووسینگەی نیزامی ئەمنیەتی بەڕێوەدەبرێت\".

ماوەیەکی پێش سەحراروودی وەکوو نوێنەری سەرۆکایەتی شۆرای ئەمنیەتی نەتەوەیی دەستیشان کرابوو.

ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ٦٨ی هەتاوی، دوکتور عەبدولڕحمان قاسملوو سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دێموکرات لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە پێتەختی وڵاتی ئۆتریش تێرۆر کرا، کە دواتر دۆزگەری وڵاتی ئۆتریش حوکمی دەستبەسەر کردنی جەعفەری سەحرا ڕوودی وەکوو یەکێک لە تاوانباری سەرەکیی ئەو تیرۆرە دەرکرد.

جەعفەری سەحرا ڕوودی سەرەڕای حوکمی نێونەتەوەیی دەستبەسەرکردنی، چەندین جار ڕۆیشتووتە دەرەوەی ئێران.

لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٢ی هەتاوی، ناوبراوە لەگەڵ عەلی لاریجانی لە کۆنفرانسی\"بین المجالس\" (IPU) لە شاری ژنێف بەشداری کرد و دواتر لە کۆنفڕانسی ئەمنیەتی شاری مۆنیخیش بەشداری کرد.

جەعفەری سەحراروودی، پاش گەڕانەوەی لە وڵاتی ئۆتریش سەرەتا وەکوو فەرماندەی قەراگای ڕەمەزان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستنیشان کرا و پاش هێرشی ئامریکا بۆ سەر عێراق لە \"شەڕی کەنداو\" و دروست بوونی ناوچەی خودموختاری هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دەیەی ٩٠ زایینی، ڕۆڵی بەرچاوتر لە کاروباری کوردستانیان بە ناوبراو ئەسپێردرا\".