بڕینەوەی حوکمی یەک ساڵ زیندانی بۆ چالاکێکی مەدەنیی کورد

20:24 - 21 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەوە شارەوە بە یک ساڵ زیندانی مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی ڕەزبەر، حوکمی یەک ساڵ زیندانی بۆ چالاکێکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری سنە بە ناوی \"محەممەد سدیق ڕۆستەمی\" کوڕی سەعید لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە، بە سەر ئەو چالاکە مەدەنییە کوردەدا سەپا.

لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە ڕێبەری نیزام\"، ئەم حوکمەی بۆ ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە بڕیوەتەوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە لەو بارەیەوە بڵاوی کردووتەوە کە: \"پاش سەردانی بۆ لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، سکرتێری نووسینگەی دادگا بە شێوەی زارەکی ئەو حوکمەی سەبارەت بە بێڕێزی بە رێبەری نیزام، بە یەکساڵ زیندانی کردنم، خوێندەوە و ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێچەوانەی یاساکانی حقوقی و هاوکات لەگەڵ بڕێنەوەی حوکم، سکاڵایەکی دیکە لە لقی ١٠٤ی دادگای کەیفەری بە تۆمەتگەلی هاوشێوە لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ئەمساڵ پێکهێنراوە، واتە بۆ یەک دۆسیە دوو کەرەت دادگایی و دوو کەرتیش حوکم دەدرێم\".

ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ئەمساڵ، بەڵگەی بانگهێشت کرانم بۆ دادگا لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە ڕێبەری نیزام\" بۆ ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە نێردراوە و ناوبراو دەبێت ڕۆژی یەکشەممە١٥ی ڕەزبەر خۆی بە دادگوستەری شاری سنە بناسێنێت.