بڕینەوەی حوكمی زیندان بۆ چالاكێكی كرێكاری لەبۆكان و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی سەقزی

15:02 - 15 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: لاوێکی سەقزی پاش ئەوەی لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە مەبەستی دەستبەسەر کردن هێرش کرابوویە سەر، چارەنووسی ناڕوونە و هاوکات چالاكێكی كرێكاریی کوردی خەڵکی شاری بۆکانیش زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١٢ی جۆزەردان \"فریار ساڵحی\" خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە مەبەستی دەستەبسەر کران هێرش کرایە سەر ماڵەکەی و لەو کاتەوە چارەنووسی نادیارە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، فریار ساڵحی، کە بەهۆی چالاکیی سیاسی‌یەوە هێرشی کرابوویە سەر، پێدەچێت وڵاتی بەجێ هێشتبێت و لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران گیرسابێتەوە.

\"20340.jpg\"
فریار ساڵحی هاووڵاتیی سەقزی کە چارەنووسی دیار نییە
فریار، رەزبەری ساڵی ٩١ لەلایەن لقی ١‌ی دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری سەقزەوە بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری حوكم درابوو و دواتر بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین و هەروەها نەبوونی پێشینەی كەیفەری ئەو حوكمە بۆ دوو زیندانی هەڵپەسێردراو گۆڕدرا.

رێكەوتی ٥ی جۆزەردانیش هاووڵاتییەكی دیكەی سەقزی بەناوی \"عەبدوڵلا فەتحی\" خەڵكی گوندی \"شیوەتوو\"ی سەربە ناوچەی گەوركی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە بە هۆكارێكی ناڕوون دەستبەسەر كراوە.

لەلایەكی دیكەوە چالاكێكی كرێكاری لەشاری بۆكان بە یەك ساڵ زیندانی تەعزیری حوكم دراوە.

ئەو هاووڵاتییە ناوی حەسەن رەسوو‌ڵ‌نژادە و لەلایەن لقی ١‌ی دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری مه‌هابادەوە حوكم دراوە و حوكمەكەش بە نابراو راگەیەندراوە.