بڕینەوە حوکمی زیندان و لێدانی قامچی بۆ دوو هاووڵاتیی پاوە

17:44 - 15 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پاوە دوو هاووڵاتیی کوردی بە زیندان و لیدانی قامچی مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "دڵشاد فەرەجی و هونەر حوسێنی" خەڵکی شاری پاوە هەر کامەیان لە لایەن دادگای کەیفەریی ٢ی ئەو شارەوە به سێ ساڵ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی دوو ساڵ، و شەش مانگ زیندانی تەعزیری و ٧٤ زەربە قامچی مەحکووم کراون.

دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پاوە، ئەو دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتیی" تاوانبار کردووە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بەو حوکمە نارەزایەتییان دەربڕیوە و دۆسیەکەیان بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا و مەحکووم‌کردنی هێرشی دەوڵەتی تورکیە دەسبەسەر کرابوون.

هونەر حوسێنی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، چەندین جار بە تۆمەتی "چالاکی سیاسی" لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کرابوو.