بڕینی ژەمە خواردنی خوێندکارانی پەیام‌نووری سەقز و ئەمنییەتی کردنی زانکۆ

15:24 - 10 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زانکۆی پەیام‌نووری شاری سەقز لە سەرەتای زستانی ساڵی رابردوویەوە، ژەمە خواردنی خوێندکارانی ئەو زانکۆیەیان بڕیوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌نووری شاری سەقز، کە پێشتر رۆژانە ژەمە خواردنی نیوەڕۆیان پێ ئەدرا، ماوەی زیاتر لە ٦ مانگە ئەو ژەمە خواردنەیان لێ بڕدراوەو ئەمەش خوێندکارانی ئەو زانکۆیەی بەرەوڕووی فشاری زیاتری ئابووری کردۆتەوە.

یەکێک لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ لە دەستپێکی تێرمی ٢ی زانکۆوە ژەمە خواردنی خوێندکاران بڕدراوەو تەنیا مامۆستاکانی زانکۆ خواردنەکەیان پێ ئەدرێت.

گوتیشی؛ ئەو ژەمە خواردنە بە شێوەی ئازاد ١٥٠٠ تمەن و بە (ژیتۆن)یشەوە ٧٠٠ تمەن بوو، کەلە مانگی رێبەندانی ساڵی ٩٢ی هەتاوییەوە بە خوێندکاران نەداروە.

ئەو خوێندکارە لە وڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی شۆرای خوێندکاری بەدواداچوونی بۆ ئەم مەسەلەیەی نەکردووە، رایگەیاند: بەداخەوە ناو زانکۆ یەکجار ئەمنیەتی کراوەو هەر بەم هۆیەوەش نە تەنیا خوێندکاران ناڕەزایەتییان دەرنەبڕیەوە، بەڵکوو شۆرای خوێندکارانیش لە ترسی حەراسەتی زانکۆ بەدواداچوونی نەکردووە.

دەشڵێت: حەراسەت بە شێوەیەک چاوەدێری و کۆنترۆڵی دۆخی نێو زانکۆ دەکات، کە تەنانەت لە کۆبوونەوەی زیاتر لە دوو کەس بە گومان دەبێ.

ئەوەشی خستە روو؛ لە کاتێکدا زانکۆی پەیام‌نووری سەقز ٤٧٠٠ خوێندکاری هەیە، هیچ بڵاڤۆکێکی خویندکاری تێدا بڵاو ناکرێتەوەو تەنیا ئەنجومەنی باران مۆڵەتی کارکردنی پێدراوەو چالاکییەکانی ئەو ئەنجومەنەش لە چوارچێوەی کوڕە شێعردا سنووردار کراوە.