بڕینی ١٠٠ دار لە لایەن کەسانێکی هەلپەرەستەوە لە شاری سەقز

15:30 - 9 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لە گوندەکانی شاری سەقز، نزیکەی ١٠٠ دار لە دارستان و باخەکانی ئەو شارە لە لایەن کەسانی هەلپەرەستەوە بڕدراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کەسانێکی هەلپەرەست و بەرژەوەندیخواز، لە گوندی \"کانی جەژنی\" شاری سەقز، بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان دەستیان بە بڕینی دارستان و داری باخەکانی ئەو گوندە کردووە.

دەگوترێ، نزیکەی ١٠٠ دار لە دارستانەکانی گوندی کانی جەژنی لە لایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوە بڕدراوە.

پەیوەندییە گشتییەکانی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری سەقز، بڕینی دارەکانی ئەو گوندەیان بە ٥٠ دار ڕاگەیاندووە، بەڵام بە وتەی دانیشتووانی ئەو گوندە، زیاتر لە ١٠٠ دار لە دارستانەکانی دەورووبەری ئەو گوندە بڕدراوە.

لە لایەکی دیکەوە شەوانە لە نزیک بەنداوی \"کازمییە\" لە ڕێگای گوندی \"سارۆقامیش\" هەتا پێڵەکە\" لە لایە ن کەسانی هەلپەرەستەوە دار بڕدراوە.

سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەنییەدارە حکوومەتییەکان، هەتا ئێستا بەرپرسانی حکوومەتی بەکردەیی هیچ هەنگاوێکیان بۆ پێشگرتن لە بڕینی دارەکان لە لایەن کەسانی نەناسراو و بەرژەوەندیخوازەوە، هەڵنەگرتووە.