"بڕیارە کاو"ە بە دانانی بارمتە هاتە مورەخەسییەوە
ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕ، "بڕیار کاوە"، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان بە دانانی بارمتە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ ئیزنی مورەخەسیی پێ درا.
ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا.
کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، دادگای ئینقلابی مەریوان ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد و ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوەی سنە، حوکمەکەی لە ٥ ساڵەوە بۆ ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، "بڕیار کاوە" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٣٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ زیندانی مەریوان گوازرابووەوە.
"بڕیار کاوە" ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.