بڕیاری شارەوانیی سنە، تووڕەیی هاووڵاتیانی لێکەوتەوە

14:00 - 29 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: دەیان دەسفرۆشی شاری سنە کە بژیوی ژیانیان لەو کاسبیە دابین دەبێت، بە بۆنەی کەمکردنەوەی کاتی کارەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارەوانیی شاری سنە لە دو ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕێگەی دەست و پێوەندیەکانی خۆیانەوە لە بنکەی \"سد معبر\" دەسفرۆشەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە کاتژمێری کارکردنیان کەم دەکرێتەوە.
بەرنامەی کاری شارەوانی لەگەڵ ناڕەزایەتی دەسفرۆشەکان ڕوبەڕوو بووەتەوە و ڕێکەوتی ٢٨ی مانگی ڕەزبەر، زیاتر لە ٣٠٠ کەس لەو دەسفرۆشانەی کە ڕۆژانە لە شوێنە گشتییەکان خەریکی فرۆشتنی کاڵاکانیان بوون، لە بەردەم بینای شارەوانی کۆبوونەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاندووە کە دەسفرۆشەکان بە خشتەی کاتژمێری کاری لە شەقامەکانی شاری سنە ناڕازین و ئەم یاسایە بە پێچەوانەی سروشتی کاری خۆیان دەزانن.

بەپێی بەرنامەی نوێی شارەوانی، وردەفرۆشەکانی ناوشار لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، تەنیا ٢ کاتژمێر مافی بڵاوکردنەوەی کاڵاکانیان لەسەر شەقام هەیە.
بە پێی ڕاپۆرتی نێردراو، دابین کردنی بژیوی ژیانی ئەم توێژەی کۆمەڵگا، بەم شێوەیە، تووشی کێشەی گەورە دەبێت.

ناڕەزایەتیی دەسفرۆشەکان، چەند ڕۆژ دوای ڕێوڕەسمی \"امر بە معروف و نهی از منکر\" و گلەیی کردنی بەرپرسی ژووری ئەسنافی بەرهەمهێنەرەکانی شاری سنە لە شارەوانی و هێزە ئینتزامییەکان بە هۆی ناڕێکوپێکی دەسفرۆشەکان، دەستی پێکرد.

بیژەن کازمی ڕایگەیاندووە کە سنووردار کردنی کاتی کار بۆ دەسفرۆشەکان بۆ ئابڕووی بازاری شاری سنە،کارێکی شیاو و پێویستە.

لەماوەی چەندساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت دوای قەیرانی ئابووری لە ئێران، دیاردەی دەسفرۆشی بە هۆی نەبوونی کار، زیادی کردووە و هەروەها لە کوردستانیش بە بۆنەی نەبوونی سەرمایەگوزاری و سیاسەتی دەوڵەت، بارودۆخێکی ئاڵۆزی هەبووە.