بڕیاری شارەداری بۆ بەزۆروەرگرتنی پارەی گاز، ناڕەزایەتیی دانیشتووانی شاری نۆدشەی لێ کەوتەوە

11:15 - 17 بەفرانبار 2720

دانیشتووانی شاری "نۆدشە" کە ماوەی چەند ساڵە، لە ڕاکێشانی گاز بۆ ئەو شارە لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە، بێبەری بوون، پاش بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە، شارەداری نۆدشە بەربەستێکی دیکەی لە دانی گاز بە دانیشتووانی ئەو شارە، دروست کردووە.

شارەداری نۆدشە لە هەوڵێکی نەشیاو و نابەجێدا، بۆ دانی گاز بە دانیشتووانی ئەو شارە، داوای بڕە پارەیەکی سەرسووڕهێنەری لە هاووڵاتییان کردووە و ئەمەش ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ئەو شارەی لێکەوتووەتەوە.

دانیشتووانی شاری نۆدشە لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی نێوخۆی ئێران کە واژۆی خەڵکێکی زۆری ئەو شارەی پێوەیە، داوای بەدواچوونیان بۆ ئەو کارەی شارەداریان کردووە.

لەو نامەیەدا، دانیشتووانی شاری نۆدشە، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی شارەداری و لابردنی ئەو بڕە پارە سەرسووڕهێنەرەیان کردووە و دەڵێن: بەشێک لەو خەڵکە کەم داهات و دەسکورتن و توانای دابینکردنی ئەو پارەییان نییە.

دانیشتوانی شاری نۆدشە، لەو نامەیەدا، دەڵێن: ئەو بڕیارەی شارەداری هیچ جۆرە پشتیوانێکی یاسایی نییە و تەنیا  لە سەر سەلیقە و ویستی ناوەندی ئاماژە بۆ کراوە.

شاری "نۆدشە" سەر بە پاوە لە ١٥٠ کیلومیتریی پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە.