بڕیاری دەسبەسەریی کاتیی ئەسکەندەر لوتفی درێژ کرایەوە

10:09 - 18 خەزەڵوەر 2722

بڕیاری دەسبەسەریی کاتیی ''ئەسکەندەر لوتفی''، وتەبێژی شوڕای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، درێژ کرایەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خەزەڵوەر، بڕیاری دەسبەسەریی کاتیی ئەو چالاکە سێنفییە، پاش ٣٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، درێژ کرایەوە و لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین دایە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە ڕۆژی یەکشەممەی ١٥ی ڕەزبەر، ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کراو و بڕیاری دووبارە دەسبەسەرکردنی لەلایەن لێپرسی لقی ٢ی دادسەرای ٣٣ی شاری تاران، دەرکرا.

ڕۆژی شەممە ١٦ ڕەزبەر، ئەسکەندەر لوتفی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی هێرش بۆ سەر ماڵی ئەسکەندەر لوتفی، دەستیان بە شکاندنی دەرگا و شووشەی ماڵەکەی کردبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، ئەسکەندەر لوتفی پاش ١٠٨ ڕۆژ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی، لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرابوو.