بڕیاری دەسبەسەریی کاتیی قارەمان کەریمی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری درێژ کرایەوە

11:22 - 11 سەرماوەز 2722

بڕیاری دەسبەریی کاتیی قارەمان کەریمی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری، لەلایەن دادستانیی پاوە، بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی سەرماوەز، پاش گواستنەوەی قارەمان کەریمی لە زیندانی دیزڵاوای کرماشانەوە بۆ دادگای پاوە، نەوید سەحرایی، دادستانی ئەم شارە ماوەی دەسبەسەریی کاتیی ناوبراوی بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کردووەتەوە.

قارەمان کەریمی، ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیشدا چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە له زیندانی دیزڵاوای کرماشانەوە بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی مەیدانی نەفت کراوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ئەم پارێزەرە لە گرتنگەی مەیدانی نەفتی کرماشاندا ئازار و ئەشکەنجە دراوە.