بڕیاری دەسبەسەرکردنی چالاکێکی مەدەنیی کورد لە کرماشان دەر کرا

10:55 - 12 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: دادستانی شاری کرماشان بریاری دەسبەسەرکردنی چالاکێکی مەدەنیی کوردی لەو شارە دەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری کرماشان، هێرشیان کردە سەر ماڵی دانیال دارابخانی، چالاکی مەدەنیی کورد و لە نەبوونی ئەو چالاکە مەدەنییەدا، دەستیان کرد بە پشکنینی ماڵەکەی و لەب‌تاب و مۆبایلی ناوبراو و هەروەها کامپیوتێری ئەندامانی بنەمەڵەکەیان بردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە نیشاندانی حوکمی دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە، داوایان لە بنەماڵەکەی کردووە کە ئەو حوکمە بە دانیال دارابخانی ڕابگەیەنن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییەیان ڕاگەیاندووە کە دانیال دارابخانی خۆی بە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای نەبیی ئەکرەم بناسێنێت.

دانیال دارابخانی، چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسیی کورد، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٩٦دا دەسبەسەر و پاش ١٠ مانگ زیندانی لە زیندانی دیزڵاوای شاری کرماشان، ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان بە سەرۆکایەتیی "شارۆخ مورادی"، لە پەیوەندی لەگەڵ کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.