بڕیاری دەسبەسەرکرانی چوار چالاکی سێنفیی مامۆستایانی دیواندەرە بۆ مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە

11:41 - 13 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژ، بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتیی ئومید شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە.

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەو چوار چالاکە سێنفییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراون و بەپێی هەواڵە گەیشتووەکان، بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندان.

هەتا ئێستا ئەو چوار مامۆستایە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کراون.

ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژ، مامۆستایانی شاری دیواندەرە بەنیشانەی ناڕەزایەتی لە دەسبەسەرکردنی "ئومید شامحەممەدی"، "هیوا قوڕەیشی"، "پەرویز ئەحسەنی" و "کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

پاش بڵاوکردنەوەی بانگەوازی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە مامۆستایان کرد کە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، هەوڵی دەسبەسەری و سەرکوتیان دەدەن.

پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە لێدان و بێڕێزی و جنێودان و بڵاوەپێکردنی فەرهەنگییان و بنەماڵەی مامۆستایانی زیندانی، بە تایبەت دایک و باوکی پیری ئەوان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، "ئومید شامحەممەدی"، "هیوا قوڕەیشی"، "پەرویز ئەحسەنی" و "کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش دەسبەسەری بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوون.

ئومید شامحەممەدی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ رۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە  ئازاد کرابوو.

دواتر ئەو چالاکە سێنفییە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

وێنە: لە ڕاستەوە بۆ چەپ: هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی، ئومید شامحەممەدی و کاوە محەممەدزادە