بڕیاری تەقە کردن لە کۆڵبەرانی سەر سنوور

16:05 - 29 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: جێگری فەرماندەی هێــزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڕیاری تەقەی راستەوخۆی لە کۆڵبەران دەرکرد.

\"ئەحمەد گراوەند\" بە هەواڵدەریی \"مێهر\"ی راگەیاندووە، ئەو کۆڵبەرانەی کە بە شێوەی نایاسایی کەلووپەل لە سنوورەکانەوە هاوردە بکەن، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەیان لێ دەکرێت.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، جگە لەو سنوورنشینانەی کە کارتی تایبەتییان هەیە، کۆڵبەری و هاتووچۆ کردن لە سنوورەکان قەدەغەیە و هێزە ئینتزامییەکان ئیزنی تەقە کردنیان لەو کۆڵبەرانە پێ دراوە.

\"14032.jpg\"
ئەحمەد گراوەند،جێگری فەرماندەی هێــزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران
ناوبراو کۆڵبەرانی سەر سنووری بە قاچاخچی ماددە هۆشبەرەکان وەسف کرد و رایگەیاندووە، کۆڵبەران لە خاڵە سنوورییەکانی رۆژئاوای ئێرانەوە ماددەی هۆشبەر و کەرەسەکانی دروست کردنی ماددەی هۆشبەر هاوردەی نێوخۆی وڵات دەکەن.

ئەو ئیدیعایەی \"ئەحمەد گراوەند\" لە حاڵێک دایە کە ماوەیەک پێش ئێستا \"عەلی موبدی\" رەیس پۆلیسی \"ناجا\" رایگەیاندبوو، کە ٣٠%ی ماددەی هۆشبەر لە رێگەی سنوورەکانی ئەفغانستان و ٧٠%ی دیکەش لەرێگەی خاڵە سنوورییەکانی وڵاتی پاکستانەوە ئاودیوی سنوورەکانی ئێران دەبن.

هاوکات زۆرێک لە شایەتحاڵان رایانگەیاندووە، کە زۆرجار هێزە نیزامی و ئینتزامییەکان بە لەبەر کردنی جل و بەرگی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان \"بۆسە (کەمین)\" بۆ کۆڵبەران دادەنێن و راستەوخۆ تەقە لە کۆڵبەرانی کورد دەکەن.

تەقە کردن و کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لە کاتێک دایە کە زۆربەی هاوولاتییانی کورد بەهۆی باری خراپی ئابووری و نەبوونی دەرەتانی کار لە ناوچە کوردنشیتنەکانی ئێران، بەناچاری روو لە کۆڵبەری لە خاڵە سنوورییەکان دەکەن و بەرەوڕوی تەقەی ‌هێزە حکوومەتییەکانی ئێران و زۆرجار بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

بەپێی راپۆرتێک کە ماوەیەک پێش ئێستا تەلەفزیۆنی \"NRT\" بڵاوی کردەوە، کە تەنیا لە خاڵی سنووریی \"بەمۆ\" ٦ هەزر و ٣٠٠ کۆڵبەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو خاڵە سنوورییە کۆڵبەری دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە لە بازاڕچەی سنووریی \"قاسمە رەش\"ی سەردەشت، زیاتر لە ٤٥ هەزار هاووڵاتیی کورد سەرقاڵی کۆڵبەری کردنن کە زۆربەی ئاماری کوژراوانی کۆڵبەران لە خاڵە سنوورییەکانی سەردەشت تۆمار کراوە.

هەروەها بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوەی ٤ مانگی رابردوودا ٣٢ کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و بریندار بوون، کەلە کۆی ئەو رێژەیە ١٤ کەسیان دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە.

نمووداری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی کورد لە ٤ مانگی رابردوودا
\"14031.jpg\"