بڕیارنامەی تازەی نەتەوە یەكگرتوەكان لەمەڕ رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران

15:11 - 1 سەرماوەز 2711
كوردپا: دوێنێ‌ كۆمیتەی سێهەمی كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بە 86 دەنگی ئەرێ‌ و 32 دەنگی نا و هەروەها 59 دەنگی بێلایەن تازەترین بڕیارنامە لەمەڕ رەوشی شپرزەی مافی مرۆڤ بەدژی حكومەتی تاران پەسند كرا.

لە بڕیارنامەكەدا هاتووە، ئێران دەبێ‌ گەرەنتیی ئەوە بكات هەتا لە داتوودا هەڵبژاردنی ئازاد و بە بەشداریی چاوەدێرانی سەربەخۆی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەڕێوە ببات و هەروەها داواش كراوە خێرا و بەبێ‌ هیچ مەرجێك هەموو زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی ئازاد بكرێن.

كەمپەینی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤی ئێران لە بڕیارنامەكەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەمەڕ رەوشی نالەباری مافی مرۆڤ پشتیوانی كردووە.

محەممەد جەواد لاریجانی بەرزترین لێپرسراوی فەرمیی مافی مرۆڤی ئێران لە حەفتەی پێشۆوە لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان هەوڵەكانی خۆی خستە گەڕ هەتا بەرگری لە كارنامەی مافی مرۆڤی ئێران بكات، بەڵام هەوڵەكانی بێ‌ ئەنجام مانەوە.

تەنیا لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، سێ‌ لیپَرسراو و دامەزراوەی سەربەخۆ و جیا لە یەكتر، واتە بان كی مۆن سكرتێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان، كۆمیتەی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، هەموویان چەندین راپۆرتی بەڵگەمەندیان لەمەڕ مەحكووم كردنی سیاسەتی لێپرسراوانی حكوومەتی ئێران بەدژی مافی مرۆڤ پێشكەش كرد.

كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم بڕیارنامە پەسند كراوەی كۆمیتەی سێهەم لەمەڕ رەەوشی مافی مرۆڤی ئێران لە مانگی سەرماوەزدا بە فەرمی تۆمار دەكات.

لە دووتوێی بڕیارنامەكەی كۆمیتەی سێهەمدا ئاماژە بە هەموو بوارەكانی پێشیلكاریی مافی مرۆڤی هەموو چین و توێژەكان و بەتایبەت: ئیعدامی نهێنی، ئەشكەنجە، دەستبەسەر كردنی بێ‌ هۆ، هەڵاواردن بەدژی ژنان و كەمایەتییە مەزهەبی و ئێتنیكییەكان، سەركوتی ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی حیزب و كۆڕ و كۆبوونەوەی كۆمەڵایەتی.

لە بەشێكی دیكە لە بڕیارنامەكەدا جارێكی تر تەئیكد و داوا لە ئێران كراوە كە هاوكاریی ئەحمەد شەهید بكات و ئیزن بدات بۆ راپەڕاندنی كارەكانی سەردانی ئەو وڵاتە بكات.