بوومەلەرزەیەكی بەهێز پارێزگای ئیلامی هەژاند+وێنە

20:20 - 27 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: بوومەلەرزەیەكی بەهێز لەئوستانی ئیلام بەتایبەت لە شارستانی ئابدانان ژمارەیەکی بەرچاو کوژراو برینداری لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كاتژمێر حەوت و ٢ دەقەی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، بوومەلەرزەیەك بە گووژمی ٦،١ پلە بە پێوەری ریشتەر لە سێ‌كیلۆمیتری بەخشی موورمووری ٣٦ كیلۆمیتری مووسیان و ٤١ كیلۆمیتری دێهلۆڕان لە ئوستانی ئیلام رووی دا.

توندی و بەهێزی ئەو بوومەلەرزەیە كە بنكەی \"بوومەلەرزە ناسی\" ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ٦،٣ پلەی ریشتەری راگەیاندووە، بە ڕادەیەك بووە كە لە ئوستانەكانی كرمناشان و لوڕستانیش هەستی پێكراوە.

بەوتەی بەرپرسی رێكخراوی فریا گوزاری، نزیك بە ٦٠ كەس لەبەخشی موورمووری بریندار بوون، ئەمە لەحاڵێكدایە كە سەرچاوە ناوچەییەكان ژمارەی بریندارەكانیان ٨٣ كەس راگەیاندووە.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵنیری ئاژانسی کورپا لەزاری کارمەندێکی نەخۆشخانەی ئابدانانەوە رایگەیاندووە: لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا سێ کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیک بە ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون.

ئەو رێژەیە لە قوربانیانە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، راگەیەندراوە.

بەپێی دوایین لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنەكان زیاتر لە ٨٠%‌ی بینا و شوێنی نیشتەجێ‌بوونی هاووڵاتیان لە موور مووری سەر بە ئابدانان تووشی خەسار بوون.

بەخشی موورمووری لە باشووری ئوستانی ئیلام هەڵكەوتووە و زیاتر لە سێ‌هەزار و ٤٠٠ كەس حەشیمەتی هەیە.

هەر لەو پێوەندییەدا بەپێی هەواڵدەرییە حكوومییەكان، پلەی گەرمای ٥٠ دەرەجە، بچڕانی ئاوی خواردنەوە و داخرانی رێگە و بان وای كردووە كە یارمەتیی و خزمەتگوزارییەكان بەشێوەی پێویست ئەنجام نادرێ‌و لێقەوماوان و بریندارەكان لەژێر خێوەتدا نیشتەجێ‌كراون و بەزووترین كات پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە.

هەواڵدەریی ئیرنا باسی لەوە كردووە، كە خەڵكی شاری ئابدانان و ئاواییەكانی سەر بە بەخشی موورمووری لەدۆخێكی خراب دان ولە ترس و دڵەڕاوكێی دووپات بووونەوەی بوومەلەرزە لە شەقام و پاركەكان دەمێنەوە.

لەسەر لەبەیانی ئەمڕۆوە هەتا بەر لەنیوەڕۆ زیاتر لە سی جار ئوستانی ئیلام تووشی \"پەس لەرزە\" بۆتەوە و بەهۆی بەربڵاوی خەسارەكان، ئامارێكی ورد و راست لەسەر قوربانیانی ئەو رووداوە لەبەر دەستدا نیە.
\"21571.jpg\"

\"21572.jpg\"

\"21573.jpg\"

\"21574.jpg\"

\"21575.jpg\"

\"21576.jpg\"

\"21577.jpg\"

\"21578.jpg\"

\"21579.jpg\"

\"21586.jpg\"

\"21581.jpg\"

\"21582.jpg\"

\"21583.jpg\"

\"21584.jpg\"

\"21585.jpg\"