بوومەلەرزە چوار شاری كوردستانی هەژاند

15:49 - 24 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: زنجیرەیەک بوومەلەرزە لەناوچەكانی كوردستانی ئێران رووی داوە و بەو هۆیەوە هاووڵاتیان تووشی ترس و دڵەڕاوكێ بوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەسەر بەیانی رۆژی رابردووە هەتا ئەمڕۆ شەممە رێكەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر چەند بوومەلەرزەیەكی هەتا رادەیەك بەهێز شارەكانی نەغەدە، نەڵۆسی شنۆ، خۆی و موورمووری هەژاندووە.

ئەو بوومەلەرزانە هیچ خەسارێكی گیانی بەدوای خۆیدا نەهێناوە و بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە دەوڵەتیەكانیش خەساری ماڵیشی بەدواوە نەبووە.

لە شەوی رابردووەوە هەتا چەند خولەك بەر ئێستا سێ‌جار شاری نەغەدە لەریوەتەوە و بەهێزترین بوومەلەرزەش كە لەو شارەی داوە ٢.٧ ریشتێر بووە.
لەشاری نەڵۆسیش بوومەلەرزەیەك بە پلەی ٣.٩ ریشتێر رووی داوە كە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەك لەسەر خەسارەكانی بڵاو نەبۆتەوە.

فەرمانداری شنۆ بە هەواڵدەریی فارسی وتووە، ستادی مودیریەتی قەیران لە ئامادەباشی تەواو دایە.

\"23171.jpg\"
سێ‌رێڕەوی (گسل) زاگرۆس ۱۳۵۰ کیلومێتر درێژایی هەیە
هەروەها سەر لەبەیانی رۆژی هەینی بوومەلەرزەیەك بە پلەی چوار ریشتێر موورمووری لەشارستانی ئابدانانی هەژاندووە.

شاری موورمووری لەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین جار تووشی رووداوەی بوومەلەرزە بووە و ئەو بوومەلەرزانەش خەساری بەرچاوی ماڵیی لەبەشەكانی بیناسازیدا بەدوای خۆیدا هێنابوو.

شارستانی \"خۆی\" یش لە بوومەلەرزە بێبەری نەبووە و سەر لەبەیانی ئەمرۆ تووشی رووداوی بوومەلەرزە بووە.

سەرجەم ئەو بوومەلەرزامە لەلایەن دامەزراوەی ژئۆفیزیكی زانكۆی تاران تۆمار و بڵاو كراونەتەوە.

هەواڵنێرانی كوردپا رایانگەیاندووە، كە خەڵكی ئەو چوار شارە نیگەرانن و بەتایبەت لەروودانی هەر چەشنە بوومەلەرزەیەك لەو وەرزەدا تووشی دڵەڕاوكێ‌بوون.

كوردستانی ئێران لەسەر سێ‌رێڕەوی (گسل) سەراسەری زاگرۆس، ورمێ‌و تەورێز هەڵكەوتووە.

\"گسل\"ی تەورێز یان ئەلبورزی غەربی لە باكووری تەورێزەوە دوای تێپەڕینی لە خۆی و ماكۆ بۆ لای زنجیرەچیاكانی ئاستارا لە توركیە درێژەی هەیە و \"گسل\" زاگرۆس لەباكووری بەندەرعەباسەوە دەست پێدەكات و دوای تێپەڕینی لەسەردەشت و مەریوان دەچێتە خاكی هەرێمی كوردستانەوە و لەئەنجامدا لەخاكی توركیە كۆتایی پێدەێت.

\"گسل\" ورمێ‌لە ماكۆ بۆ لای باشوور و گۆلی ورمێ‌تێپەڕ دەبێت و لە جەغەتوو كۆتایی پێدێت.