بوودجەی ڕێوڕەسمەکانی سپای پاسدران، لە لایەن شارەداریی مەهابادەوە دابین دەکرێت

20:35 - 14 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: شارەداریی مەهاباد تێچووی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی سپای پاسدارانی ئەو شارە دابین دەکات و ماوەی ٥ مانگیشە مووچەی کرێکارانی شارەداریی ئەو شارەی نەداوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارەداریی مەهاباد بوودجە و تێچووی ڕێوڕەسمەکان و دانانی پەیکەری سپای پاسداران لەو شارە دابین دەکات و ئەمە لە حاڵێک دایە کە کرێکارانی شارەداریی مەهاباد ماوەی ٥ مانگە یارمەتیان وەرنەگرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شارەداریی مەهاباد، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: شارەداریی مەهاباد بوودجە و تێچووی ڕێوڕەسمەکان و دانانی پەیکەری سپای پاسداران لەو شارە دابین دەکات و لەو پەیوەندییەدا، تێچووی دروست کردنی پەیکەری یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران، کە چەند ڕۆژ پێش بە بەشداریی بەرپرسانی پارێزگای ورمێ و سپای پاسداران لە بازارچەی شاری مەهاباد دانراو و ڕوونوێنی کرا.

دابین کردنی بوودجە و تێچووی ڕێوڕەسمەکانی سپای پاسداران لە شاری مەهاباد، لە لایەن شارەداریی ئەو شارەوە دەدرێت و ئەو لە حاڵێک دایە کە بە وتەی بەرپرسی شارەداریی مەهاباد کرێکارانی ئەو شارەدارییە ماوەی ٥ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و شارەدارییش ٨٠ میلیارد تمەن قەرزدارە.