"بورهان کەمانگەر" بە دوورینی لێوی لە زیندان، مانی لە خواردن گرتووە

18:21 - 10 بانەمەڕ 2720

"بورهان کەمانگەر"، ئەندامی گرووپی مۆسیقای "کۆڕاڵـ"ـی کامیاران، لەهەمبەر دژایەتیکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بە پێنەدانی مورەخەسی لە ڕۆژی دووشەممە ٨ی بانەمەڕ، بە تەقەڵدانی لێوەکانی، مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادستێن و دادوەری دۆسیەکەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لەگەڵ مورەخەسی وەرگرتنی ناوبراو بە دانانی بارمتە ڕەزامەندییان دەربڕیبوو، بەڵام بەهۆی دژایەتیکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران، لە ڕەوانەکردنی ئەو زیندانییە کوردە بۆ مورەخەسی خۆیان بواردووە.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی گەلاوێژ، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرش کردنە سەر دووکانی "بورهان کەمانگەر" و پاش پشکنینی دووکانەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هەروەها هێزەکانی ئیتلاعات هێرشیان بۆ سەر ماڵەکەیشی بردبوو و پاش پشکنینی ماڵەکەی، هەندێک لە کەلوپەلی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

"بورهان کەمانگەر" پاش گواستنەوەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی کامیاران، ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ٩٨، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

دادگاییکردنی دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی "ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کورییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، ١١ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بەبێ بوونی پارێزەر لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو و حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیرییان بەسەردا سەپاند.

ئەو حوکمە ڕۆژی شەممە ٢٣ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، بەو هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندرابوو و لە دادگای پێداچوونەوەی سنە حوکمەکەی کەم کرابووەوە و ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی کامیاران کرابوو.