٨ بورجەکی دیدەوانی لە ناوچە سنوورییەکانی ورمێ ساز دەکرێن

20:27 - 24 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: فەرماندەی هەنگی سنووریی ورمێ رایگەیاند: کە ٨ بورجەکی دیدەوانی لە ناوچە سنوورییەکانی دەورووبەری ورمێ دروست دەکرێن.

هەواڵدەریی فارس لە زاری \"شەهرووز رەحمانی\" فەرماندەی هەنگی سنووریی \"ورمێ\"وە بڵاوی کردەوە: کە سەرقاڵی دروست کردنی ٨ بورجەکی دیدەوانی بە درێژایی ٦٨٠ کیلۆمیتر لە سنوورەکانی نێوان ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و تورکیەن.

هەمان سەرچاوە بڵاوی کردەوە کە ساز کردنی ئەو بورجەکانە هەتا کۆتایی بەهاری ساڵی داهاتوو تەواو دەبن و مەبەست لەم کارەش پاراستن و چاوەدێری کردنی زیاتری ناوچەی سنووریی \"ورمێ\"یە.

هەروەها لەو پێوەندییەدا هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بڵاویان کردۆتەوە: لەگەڵ دەسپێکی ئەو گەڵاڵەیە ٩ کیلۆمیتر کاناڵ هەڵکەنراوە و ١٣ هەزار و ٨٤٠ کیلۆمیتر تێلدڕوو راکێشراوە.

ئێستا ٣٢ بورجەک لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا بوونیان هەیە کە هەرکام لەو بورجەکانە بڕی ٥٠ میلیۆن تمەنی تێدەچێ.