بودجەی ئیدارەی رێگەوبانی ئوستانی کوردستانیش لەسەدا ٥٠ کەمی کرد

19:42 - 15 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری وەرزی سەرما و بەفر باریندا، بودجەی تەخان کراو بۆ ئیدارەی رێگەوبانی ئوستانی کوردستان بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵ، لە سەدا ٥٠ کەمی کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاوکات لەگەڵ ئەویەکە بارینی بەفر و سەهۆڵبەندان زووتر لە ساڵانی رابوردوو، لە کوردستانی دەستی پێکرد، بودجەی ئیدارەی رێگەوبانی ئوستانی کوردستانیش وەکوو زۆربەی ئیدارە و ناوەندە دەوڵەتییەکانی دیکە، لەسەدا ٥٠ کەمی کردووە.

رۆژی رابردوو، سادق وەجدی، بەرپرسی گشتیی ئیدارەی رێگەوبانی ئوستانی کوردستان رایگەیاندووە، ئیدارەی رێگەوبان و شارسازی بەرەوڕوڕووی قەیرانی بودجە بووەتەوەو سەرەڕای ئەوەش زۆربەی ماشینەکانی رێگە خاوین کردنەوە خراپ بوون و لەکار کەتوون.

ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بەوەیکە بودجەی تەرخان کراوی دەوڵەت بۆ ئیدارەی رێگەوبان لە سەدا ٥٠ کەمی کردووە، گوتووشیەتی؛ پێویستیی جیددیان بە ماشێنی تایبەت بە رێگەوبان خاوین کردنەوە لە وەرزی زستاندا هەیە.

بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی رێگەوبان، لە ٧ هەزار و ٨٥٠ کیلۆمیتر رێگەی گوند و شارەکانی ئوستانی کوردستان ٢٣ گەردەنە و هەروەها ١٦ شوێنی بەفرگری تیدایە و لە وەرزی زستاندا پێویستییان بە چاوەدێریی توندی ئیدارەی رێگەوبان هەیە.

جاددەکانی ئوستانی کوردستان کە لە سەدا ٨٠یان لە ناوچە کویستانی و شاخاوییەکان هەڵکەوتوون، گەردەنەی ژاڵانە و تەتە لە شارستانی سەوڵاوا، کەلی خان لە شاری بانە بە مەترسیدارترین رێگەکانی هاتوچۆ لە ئوستانی کوردستان و بەتایبەت لە ورەزی زستاندا ئەژامر دەکرێن.