بنەماڵەی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی خوێندکاری کوژراو لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە ناڕەزایەتییان بە کوژرانی ژینا ئەمینی دەربڕی

12:14 - 26 خەرمانان 2722

باوک و دایکی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک کە لە سەری نووسراوە، "ژیناتان وەکوو ئیبراهیم کوشت، تۆڵەی دەکەینەوە" بە قەتڵی حکوومەتی ژینا ناڕزایەتییان دەربڕی.

ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی، خوێندکاری ساڵی کۆتایی ڕشتەی مافی قەزایی زانکۆی پەیام نووی سنە، لە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٦، لە گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنە، کوژرا.

بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە سنە، هۆکاری گیانلەدەستدانی ناوبراویان بە "خۆکوژی" ڕاگەیاندبوو.

هەنووکە باوک و دایکی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی وێرای ناڕەزایەتیی دەربڕین بە قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی، سکاڵا لەسەر کەیسی کوژرانی کورەکەیان لە گرتنگە کۆماری ئیسلامی، تۆمار دەکەن.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان، ژینا (مەهسا) ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، کە لە ئەنجامی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی مەئموورانی گەشتیی ئیرشاد چووبووە بێهۆشی درێژخایەن، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران، گیانی لە دەست دا.