بنەماڵەی ٤ کۆڵبەرە کوژراوەکەی ورمێ داوای ١٠ ملیۆن تمەنیان لێ‌دەکرێت+وێنە

18:50 - 22 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی ئەو چوار کۆڵبەرەی خەڵکی ورمێ کەلە ناوچەی هەکاریی وڵاتی تورکیا بەهۆی هەرەسی بەفرەوە گیانیان لەدەست دابوو، داوای ١٠ ملیۆن تمەن پارەیان لێ دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢١ی رێبەندان، تەرمی ئەو چوار کۆڵبەرە کوردە لە خاڵی سنووریی \"سێرۆ\"وە گەڕێندرانەوە و هێزە نیزامییەکان داوای ١٠ ملیۆن تمەن پارەیان لە بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرانە کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ هێزە نیزامییەکان رایانگەیاندووە، هەتا ئەو کاتەی کەسوکاری کۆلبەرەکان ١٠ ملیۆن تمەن پارە نەخەنە حیسابی دەوڵەتەوە، ئیزنی هێنانەوەی تەرمەکانیان بۆ ناو خاکی ورمێ پێ‌نادرێت.

\"18328.jpg\"
چوار کۆڵبەری کوردی خەڵكی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بەهۆی هەرسی بەفرەوە گیانیان لەدەست دا
سەرچاوەکە گوتیشی؛ رۆژی دووشەممە هەتا درەنگانی ئێوارێ تەرمی کۆڵبەرەکان لە سەر سنوور راگیرا، کە دواتر بەهۆی نێوبژوانیی خەڵکەوە، تەرمەکانیان رادەستی کەسووکاریان کردەوە.

ئەو چوار کۆڵبەرە کوردە رۆژی هەینی رێكەوتی ١١ی رێبەندان بە مەبەستی كۆڵبەری روویان لە گوندی گەلێشەی وڵاتی توركیا كردبوو، کەلە کاتی گەڕانەوەدا بەهۆی هەرسی بەفرەوە گیانیان لەدەست دا.

دوابەدوای گیان لەدەست دانی ئەو چوار کۆلبەرە کوردە زۆربەی ماڵپەڕە ناوخۆییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران، بڵاویان کردەوە: \"چوار کەس لە ناوچەی ورمێ‌وە بە شێوەی نایاسایی ئاودیوی سنوورەکانی توورکیا بوون و بەهۆی هەرەسی بەفرەوە گیانیان لەدەست داوە\".

دەگوترێت؛ هێزە نیزامییەکانیش رایانگەیاندووە؛ ئەو چوار کۆلبەرە بەشێوەی نایاسایی لە سنوور پەڕیونەتەوە، بۆیە بنەماڵەکانیان دەبێ ئەو جەریمەیە بدەن.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ پێدانەوەی تەرمی هەر کام لەو چوار کۆڵبەرە کوردە، داوای ٢ ملیۆن ٥٠٠ هەزار تمەنیان کردبوو، بەڵام پاش نێوبژیوانیی خەڵک بەهۆی دەستکورتیی بنەماڵەی کۆڵبەرەکانەوە ئەو بڕە پارە لە کەسوکاری کۆڵبەرەکان وەرنەگیراوە.

فاخیر شینۆدووكانە، كوڕی ئەحمەد و خەڵكی گوندی گێسیان، شاكر شینۆدووكانە كوڕی ئەحمەد خەڵكی گوندی گێسیان، ئادەم گردی‌پوور كوڕی مستەفا و خەڵكی گوندی شێخ‌زەرد و خەبات كوڕی ئیسماعیل و خەڵكی گوندی دزە\"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بوون، کە ١١ رۆژ پێش ئێستا و لەکاتی کۆڵبەریدا بەهۆی هەرەسی بەفرەەوە بوونە قوربانی.
\"18322.jpg\"

\"18323.jpg\"

\"18325.jpg\"