بنەماڵەی کوردپوورەکان خوازیاری بەدواداچوونی پەروەندەی رۆڵەکانیان بوون

22:24 - 15 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی مەسعوود و خوسرەو کوردپوور خوازیاری بەدواداچوونی جیددیی پەروەرندەی رۆڵەکانیان بوون.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی کوردپوورەکان رایگەیاندووە، لەو کاتەوەی براکانی ئێمە دەستبەسەر کراون، نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی ئێران هێچ هەوڵێکیان بۆ ئازادیی و بەدواداچوونی پەروەندەی براکانی ئێمە نەداوە.

ئەو ئەندامەی بنەماڵەی کوردپوورەکان راشیگەیاندووە، نوێنەرانی کورد براکانی ئێمە بەباشی دەناسن و ئاگاداری چالاکییەکانی ئەوان بوون و هەروەها دەشزانن کە ئەوان بەبێ هیچ تاوانێک لە زیندان راگیراون و تەنیا خزمەتیان بە هاووڵاتییان و دەستبەسەر کراوانی بێ پەنا و پشتیوان، کردووە کە نموونەی ئەم کارە مرۆڤدۆستانەی ئەوان دەکرێ ئاماژە بە پشتیوانی لە زیندانیانی بێ پارێزەر و بێ مەرەخەسی و ملاقات بکەین.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە، هەنووکە تاوانی بێ بنەما و ناعەقڵانی دراوەتە پاڵ و دادگایی دەکرێن.

ئەو ئەندامەی بنەماڵەی کوردپوورەکان باسی لەوەش کردووە، نوێنەرانی کورد هەتا ئێستا بێ دەنگییان سەبارەت بەو مەسەلەیە هەڵبژاردووە، بۆیە داوا لە نوێنەری خەڵکی تاران لە مەجلیسی ئێران دەکەین، هەر وەک چۆن پێش هەڵبژاردن هەولەکانی بۆ ئازادیی رۆژنامەنووسانی زیندانی کراو خستەگەڕ، بەو شیوەیەش بۆ ئازادیی مەسعوود و خوسرەو هەنگاو بنێت.

لە کۆتاییدا رایگەیاندووە، مەسعوود کە مامۆستایەکی دڵسۆزی قوتابخانەکان بوو و زیاتر لە ٢٠ ساڵ خزمەتی بە منداڵانی ئەم ئاو و خاکە کرد، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ سەر کاری مامۆستایەتی و هەروەها خوسرەو لە رێگەی رۆژنامەنووسییەوە خزمەت بە هاونیشتمانانی بکات.

دەگوترێت مەسعوود و خوسرەو کورد پوور تاوانی پڕوپاگەندە بەدژی نیزام و هەروەها بە میدیایی کردنەوەی هەواڵی زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد\"یان دراوەتە پاڵ.