بنەماڵەی ڕامین حوسێن پەناهی لەلایەن ئیتلاعاتی سنەوە هەڕەشەیان لێکرا

16:26 - 11 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دایک و باوکی ڕامین حوسێن پەناهیان بانگهێشت کرد و ناچاریان کردن گرتە ویدیۆیەکیان لێ تۆمار بکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئازانسی هەواڵنێری کوردپا ڕۆژی دووشەممە ٩ی گەلاوێژ،بنەماڵەی ڕامین حوسێن پەناهیان بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعات سنە بانگهێشت کرد.

ئەمجەد حسێن پەناهی چالاکوانی مافی مرۆڤی کورد لەم بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند:هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکومەت بنەماڵەی ئێمەیان خستووەتە ژێر هەڕەشە و هەروەها هەڕەشەیان کردووە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەتان دەستبەسەر و \"ئەفشین و ڕامین\" ئیعدام دەکەین.

هەروەها ئەمجەد حوسێن پەناهی باسی لەوە کردووە هێزەکانی ئیتلاعاتی سنە بە زۆری گرتە ویدیۆیەکیان لێ تۆمار کردوون.

ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ هەروەها دەڵیت: پێشنیاریان بەو بنەماڵەیە کردووە کە لەو ویدیۆیەدا دۆخی جەستەیی ئەفشین لەبار ڕابگەیەنن و هەواڵی مانگرتنی ناوبراو وە درۆ بخەنەوە.

دەگوترێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان دوای تۆمارکردنی ئەو گرتە ویدیۆیە بەڵێنیان بە دایک و باوکی ڕامین داوە کە دەتوانن سەردانی کوڕەکەیان بکەن .

بنەماڵەی حوسێن پەناهی لە بەیانییەکدا ئەو کردەوەی ئیتلاعاتی سنەیان نامرۆڤانە و نائەخلاقی و پێک ناکۆک لەگەڵ هەموو یاساکانی مافی مرۆڤ ڕاگەیاندووە.

لەو بەیانیەدا هەروەها هاتووە بنەماڵەی حوسێن پەناهیان بە ئیعدامی خۆ سەرانە و شاراوەی ڕامین و ئەفشین ناچار کردووە و هەروەها بە شێوەی دانپێدانانەکانی دەیەی ٦٠ و ٧٠ی هەتاوی لە ویدیۆیەکدا ڕاستی هەواڵی مانگرتنی ئەفشین وە درۆ بخەنەوە .

هەروەها لەو بەیانیەدا هاتووە ئەو ئیقدامەی بەرپرسانی حکومەتی ئێران دەرخەری نەبوونی ئەخلاق و شێوەی هەڵسوکەوتی مرۆڤانەیە.

ڕامین حوسێن پەناهی ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ لە شەڕ و پێکدادان لەگەل هێزەکانی سپای پاسدران لە سنە بە توندی بریندار بوو و دەستبەسەر کرا.