بنەماڵەی چالاكێكی خوێندكاریی كورد لە شاری قوروە لە ژێر گوشاری ئەمنیەتی دان

13:50 - 30 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: بنەماڵەی \"سوهراب كەریمی\" چالاكی خوێندكاریی و مەدەنیی كورد و هەروەها ئەندامی رێكخراوی پشتیوانی لە مافی مرۆڤی كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری قوروەوە لەژێر زەخت و گوشار دان و هەتا ئێستاش چەندین جار هەڕەشەیان لێكراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سوهراب كەریمی دەرچووی رشتەی كارناسیی باڵای زانستی سیاسی و یەكێك لە چالاكانی خوێندكاری و مەدەنیی كورد كە پێشینەی چەندین جار گیرانی هەیە، ماوەی 5 مانگ لەمەوبەر لە ئەنجامی زەخت و گوشاری هێزە ئەمنیەتییەكان و هەروەها بانگ كرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بە ناچاری ئێرانی بەجێهێشتووە و لە یەكێك لە وڵاتانی دراوسێ‌ گیرساوەتەوە.

ئەو چالاكە خوێندكاریە هەر لە كاتی بەجێهێشتنی وڵاتەوە ناوەندە ئەمنیەتییەكان بە بەردەوامی بە تۆمەتبار كردنی بنەماڵەكەی و چەند دۆستێكی نزیكی، هەڕەشەی دەستبەسەر كردنیان لێكردوون.

بە وتەی یەكێك لە نزیكانی ئەو بنەماڵەیە، ناوەندە ئەمنییەتییەكان بە بنەماڵەی ئەو ئەندامەی رێكخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی كوردستانیان راگەیاندووە، \"بە هیچ شێوەیەك سوهراب بۆی نیە لەگەڵ راگەیەنەكان وتووێژ و لێدوان لێبدات\".

هەر لەو پێوەندییەدا سوهراب لە پەرچەكردار بەو هەوڵەی ناوەندە ئەمنیەتییەكان رایگەیاندووە،\"بنەماڵەكەم هیچ پێوەندییەكیان بە منەوە نیە و هیچ كەسیش ناتوانێ‌ من لە درێژە دان بە چالاكییەكانم بوەستێنێت\".