بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی کورد لە ئاوەکانی یۆنان خنکان

14:00 - 3 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: چوار کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی مەریوان لە کاتی پەڕینەوەیان بۆ وڵاتانی ئەرووپایی لە دەریای ئێژە گیانیان لە دەست دا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، پۆلیسی یۆنان تەرمی زیاتر لە ١٥ پەنابەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە کەنارەئاوەکانی ئەو وڵاتە کێشاوەتە دەرەوە کە ئەندامانی بنەماڵەیەکی کوردستانی ئێران لە نێو خنکاوەکاندان.

بنەماڵەی هەیبەت فەیزی، شەوی سێ شەممە لەسەر چوار شەممەی ئەم حەوتوویە( ٢٢/ ٢٣ دیسامبر) لە کاتی چوونیان بۆ یۆنان، بەلەمەکەیان لە نزیک دوورگەکانی یۆنان نوقم دەبێ و ناوبراو دەگەڵ خێزان و دوو منداڵەکەی گیانیان لەدەست دەدەن.

\"29229.jpg\"
ناوی ئه‌ندامانی ئه‌م بنه‌ماڵه‌ كورده‌ی شاری مه‌ریوان بریتین له‌: هه‌یبه‌ت فه‌یزی ته‌مه‌ن ٤٩ ساڵ باوكی بنه‌ماڵه‌، گوڵنار ئه‌سه‌دی ته‌مه‌ن ٤١ ساڵ دایكی بنه‌ماڵه‌، هانا فه‌یزی ته‌مه‌ن ٢١ ساڵ كچی گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌ و له‌دایكبووی مه‌ریوان و كازیوه‌ فه‌یزی ته‌مه‌ن ٣ مانگان و له‌دایكبووی شاری سلێمانی.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بە هەواڵدەریی کوردپای وت: هەیبەت فەیزی ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی خورهەڵاتی کوردستان بوو کە پێش چوونی بۆ تورکیە، دانیشتووی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان عراق بوو.

ئێستا تەرمی بنەماڵەی هه‌یبه‌ت فەیزی لەگەڵ باقی گیان لەدەستداوەکانی ڕووداوی نۆقم بوونی بەلەم لە دەریای ئێژە، لە یۆناندایە.

شایانی باسه‌ كه‌ ئه‌ندامێكی بنه‌ماڵه‌ی گوڵنار ئه‌سه‌دی به‌ ئاژانسی كوردپای وتووه‌، ئه‌وان بۆ هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ له‌ یۆنان، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و پۆلیسی ئێنترپوولیان كردووه‌، ئه‌وانیش له‌ وڵامدا وتوویانه‌، چونكوو ئه‌و بنه‌ماڵه‌ خۆیان به‌ سووری ناساندووه‌، ئه‌سته‌مه‌ بكرێت ته‌رمه‌كانیان له‌ ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ شاری مه‌ریوان.

ناسر ئه‌سه‌دی، برای گوڵنار فه‌یزی له‌ پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فوونی له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی كوردپا ڕایگه‌یاند كه‌ به‌پێی ئه‌وه‌یكه‌ هاتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی فه‌یزی له‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی ئێرانه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌، داواكارین له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م پێوه‌ندییه‌دا هاوكارییمان بكات.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر رایگەیاندبوو کە رۆژانە ١٠٠٠ پەنابەر خۆیان دەگەێنە دوورگەکانی وڵاتی یۆنان.

لە ٦ مانگی رابڕدوو شەپۆلێکی پەنابەران ڕووی لە وڵاتانی ئەرووپایی کردووە کە زۆربەیان لە سووریە، ئەفغانستان، سوودان، ئێران و عراقەوە دەچنە هەندەران.