بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی لەژێر هەڕەشەی ئیتلاعاتی مەریواندان

15:12 - 11 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: ئیتلاعاتی شاری مەریوان لە پارێزگای کوردستان، هەوڵی زەوت کردنی خانووی هاووڵاتییەکی کورد دەدات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی ئیتلاعاتی مەریوان بە حوکمی دەستبەسەردا گرتنی \"دارایی نەگوازراو\"ەوە، چوونەتە ماڵی هاووڵاتییەکی کورد.

خانووی ناسر برزوویی چەند ساڵ لەمەوبەر لەبریی ئازادیی مەرجداری کوڕەکەیان لە زیندان، لە بارمتەدا بووە.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند کە؛ مەنسوور برزوویی کوڕی ناسر لە سەرەتاکانی ڕەشەمەی ٩٢دا، بەهۆکاری سیاسی و لە ژێر فشاری هێزە ئەمنییەکانی مەریواندا، بە ناچاری وڵاتی ئێرانی بەجێ هێشتووە و ئێستا لە بەریتانیا دەژی.

لە نێوەڕاستی حەوتووی ڕابردوودا، هێزەکانی ئیتلاعاتی مەریوان، چوونە بەر ماڵی ناسر برزوویی و وێرای پێدانی نامەی زەوت کردنی خانووەکەی، ناوبراویشیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

لە ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کوردپادا، بەهای خانووی ناسر برزوویی لەکاتی دانانی‏دا وەک بارمتە، بە ٣٠٠ میلیۆن تمەن خەمڵێندرابوو.

هەروەها لە دوو ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار ناسر بانگ کراوەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان و بە وتەی مەنسوور، لە بازجووییەکاندا بە باوکیان گوتووە؛ یان کوڕەکەتان لە هەندەران بێننەوە یان بە گشتی لە دژایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست هەڵگرێت.

لەمەڕ چۆنیەتیی هاتنەدەرەوەی لە ئێران، مەنسوور بە کوردپای ڕاگەیاند: \"نێوەڕاستی خەزەڵوەر، لەدوای ئەنجامدانی ڕێپێوان لە گۆڕەپانی شەبڕەنگ، بە دژی حوکمی سێدارە لە کۆماری ئیسلامی، دەگەڵ چەند کەس لە هاوڕێیانم، دەستبەسەر و بۆ ماوەی یەک حەوتوو لە زیندانی ئیتلاعات ڕاگیرام\".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەوزی چیا، لە بێ‏بەش بوونی لە درێژەدان بە خوێندن قسەی کرد و ڕوونی کردەوە کە؛ \"لەدوای ئازادبوونم پاش دانانی بارمتە، چەندین جاری دیکەش، بانگهێشتی ئیتلاعاتی مەریوان کرام و پاشان بیستمەوە کە لەوانەیە بە یەکجاری بمگرن و زیندانی قورس بەسەرم‏دا بسەپێنن\".

مەنسوور برزوویی لە ڕێگای ئاژانسی کوردپاوە، خوازیاری کۆتایی پێهێنان بە ئەشکەنجە و فشار لەسەر باوک و بنەماڵەکەی بوو و هەر چەشنە دەرئەنجامێکی ئەو هەڵسوکەوتەی خستە ئەستۆی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران.

ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بە هەڕەشە و گوڕەشەی \"زەوت کردنی دارایی\"، فشاریان بۆ چالاکانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بە تایبەت بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی هێناوە و ئەم زەختەش لە زۆر بواردا، گەیشتووەتە حاڵەتی جێبەجێ کردن.