دێهلوڕان/ئیلام؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی عەباس مامووسی و ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام
۲۶ی بانەمەڕی ۱۴۰۵؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لاوێکی خەڵکی شاری دێهلوڕان لە پارێزگای ئیلام بە ناوی "عەباس مامووسی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزرا. سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ناوبراو، هێشتا زانیارییەک لەبارەی دۆخ و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٥، "عەباس مامووسی" لاوی خەڵكی دێهلوڕان بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزراوە.
ڕاپۆرتە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو بە هۆی "خۆشی دەربڕین لە مەرگی خامنەیی" دەسبەسەر کراوە، بەم حاڵەوە هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری فەرمیی دەسبەسەرکرانی ئەم لاوە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە زانیارییەکیان نەداوە.
هەروەها ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەرچەشنە چاوپێکەوتن و پێوەندییەک لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.