سەراوڵە/ئیلام؛ ٣ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی "محەممەدڕەزا فریادی"

12:44 - 26 بانەمەڕ 2726

۲۶ی بانەمەڕی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی لاوێکی خەڵكی ئیلام بە ناوی "محەممەدڕەزا فریادی"، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و سەبارەت بە شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "محەممەدڕەزا فریادی" کوڕی شاسوار و خەڵکی گوندی "سەرواڵە"ی پارێزگای ئیلام،  ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەوە نەداوە. هەروەها کەسە نزیکەکانیشی سەبارەت بە گیان و چارەنووسی بەتوندی نیگەرانن.