بنەماڵەی پەنابەرێکی کورد، لە شاری وان لە دۆخێکی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن

16:16 - 17 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی، خەڵکی شاری مەریوان، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بەردەم بینای کۆمیساریای باڵای پەنابەران مانیان گرتووە، لە دۆخێکی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی چەند ڕۆژێکە، بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی خەڵکی شاری مەریوان، لەمەڕ وڵام نەدانەوەی داواکارییەکەیان بۆ وەرگرتنیان لە وڵاتێکی سێهەم، لە بەردەم بینای کۆمیساریای پەنابەران مانیان گرتووە.

لە ڕۆژی دووشەممەوە ١٤ی جۆزەردان، بنەماڵەی \"شارام ئەلیاسی\" زیندانییەکی سیاسیی پێشووی کورد لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەردەم کۆمیساریای پەنابەرەکان لە وڵاتی تورکیە بە هەڵدانی خێوەتی عەلاگەیی مانیان گرتووە و بە هۆی بارانبارین و خراپبوونی کەشوهەوای وڵاتی تورکیە، ئەو بنەماڵەیە لە دۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبەن.

لەیلا ڕاوەند، خێزانی شارام ئەلیاسی، لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ماوەی چوار ساڵ و نیوە، ئیمە لە وڵاتی تورکیەدا دەژین و چاوەڕوانی وەرگرتنی دۆسییەکەمان وەکوو پەنابەر لە وڵاتی سێهەمداین، بەڵام داواکارییەکەمان لە لایەن \"یووئێنـ\"ـنەوە جێبەجێ نەکراوە.

بە وتەی لەیلا ڕاوەند، بە هۆی بارانبارین و خراپیی کەشوهەوای ئەو وڵاتە، ئەگەری هەیە منداڵەکانمان نەخۆش بکەون و ئێمە هەتا وڵامدانەوەی بەرپرسانی یووئێن درێژە بە مانگرتنەکەمان دەدەین.

شارام ئەلیاسی خەڵکی شاری مەریوان، مانگی ڕەزبەری ساڵی ٨٧ بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر و دواتر لە لایەن دادگای ئینقلابەوە بە ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە و پاش ٦ ساڵ زیندانکردنی ناوبراو لە زیندانەکانی مەریوان، ئێڤین و ڕەجایی‌شاری کەرەج، لە کۆتایییەکانی ساڵی ٩٢ی هەتاویدا، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی هاتە مورەخەسی و دواتر زێدی خۆی بەجێ هێشت.