بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵاپوور داوای بەڕێوەچوونی دادگای عادڵانە بۆ کوڕەکەیان دەکەن

16:15 - 7 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دۆسیەی زیندانییەکی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانیی ناوەندی شاری ورمێ بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆسیەی هیدایەت عەبدوڵاپوور، زیندانی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام بۆ پێداچوونەوە رەوانەی لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات کراوە و ناوبراو چاوەڕوانی تاوتوێ کردنی دۆسیەکەیەتی.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەبدوڵلاپوور وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: \"بەدواداچوونی کاروباری حقووقی دۆسیەی هیدایەت عەبدوڵاپوور لەلایەن حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری دۆسیەکە ئەنجام دراوە و ئێمە چاوەڕوانی حوکمی دیوانی باڵای وڵاتین\".

ناوبراو دەڵێت: \"دەرکردنی دووبارەی حوکمی ئێعدام بۆ هیدایەت لە سەر داوا و گوشاری حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بووە و ئیتلاعاتی سپایش لە ڕاپۆرتەکانی خۆیدا پشتی بە قسەی چەند کەسێک لە ئەندامانی سپای پاسداران بەستووە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، \"بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵلاپوور لەژێر هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆدان و چەند جارێک ئەو بنەماڵەیە بانگهێشت و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە\".

ناوبراو دەڵێت:\"هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵاپوور کردووە و پێیان وتوون لە وتووێژ کردن لەگەڵ ڕاگەیەنەکان خۆیان ببوێرن\".

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا دەڵێت:\"بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵاپوور داوای بەڕێوەچوونی دادگایەکی عادڵانە بۆ کوڕەکەیان دەکەن، دادگایەک کە تێیدا یاسا سەروەر بێت\".

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، \"هیدایەت عەبدوڵاپوور\" کوڕی ئەبووبەکر زیندانی سیاسی کورد بۆ دووهەمین جار لە دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی کرا؛ دادگا ناوبراوی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرد.