بنەماڵەی هاووڵاتییەک لە شاری جوانڕۆ لەژێر گوشاری ئیتلاعات دان

15:54 - 19 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، گوشارەکانی بۆ سەر بنەماڵەی هاووڵاتییەکی کورد توندتر کردووتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بنەماڵەی عەلی موراد ئاشنا، هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری جوانڕۆ، لەگەڵ گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بەڕەوڕووبووەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری جوانڕۆ ڕایگەیاند: پاش ئەوەیکە دوو کەس لە کوڕەکانی بنەماڵەی موراد ئاشنا لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون، ئیدارەی ئیتلاعات ئەو بنەماڵەیە خستووتە ژێر گوشارەوە.

\"\"
هیچ هەوالێک لەمەر چارەنووسی رەزا و سەعید موراد ئاشنا لە بەر دەستدا نیه
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ڕەزا موراد ئاشنا یەکێک لە کوڕەکانی ئەو بنەماڵەیە سێ مانگ پێش لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و سەعید موراد ئاشنا یەکێکی دیکە لە کوڕەکانی عەلی موراد ئاشنا ماوەی دوو ساڵە لە گرتووخانەی هێزە ئیتلاعاتییەکان دایە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو دوو برایە بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیاری لە پەیوەندیی لەگەڵ چارەنووسی ئەو دوو برایە خۆیان دەبوێرن و چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە هەتا ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە.

یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی موراد ئاشنا بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگرتنی ڕەزا و سەعید لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە بەردەستدا نیە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتی: هەموو حەوتوویەک بنەماڵەی عەلی موراد ئاشنا دەبێ خۆیان بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری جوانڕۆ بناسینن.