بنەماڵەی زیندانیەكی كورد بەهۆی دەسكورتی ناتوانن 30 میلیۆن وەسیقە دابین بكەن

15:15 - 28 رەشەمه 2711
كوردپا: لاوێكی كوردی خەڵكی سنە كە زیاتر لە یەك مانگ لەمەوپێش لەلایەن هێزەكانی وەرزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر كراوە، بنەماڵەكەی بەهۆی دەسكورتییەوە ناتوانن 30 میلیۆن وەسیقە بۆ ئازاد كردنی دابین بكەن.

بەپێی راپۆتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لاوێكی كوردی خەڵكی سنە بە ناوی رەشید رەشیدی كوڕی رەزا و دانیشتووی گەڕەكی حاجیاوای سەرووی شاری سنە رێكەوتی 25ی رێبەندان لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەكانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر كراوە و دواتر مەئموورانی ئیتلاعات رژاونەتە ماڵی ئەو دەستبەسەر كراوە و ئەمەش بۆتە هۆی نەخۆش كەوتن و تێكچوونی باری دەروونیی یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەكەی.

هەواڵنێری كوردپا لە شاری سنە لە درێژەی راپۆرتەكەیدا نووسیویە، ئەو لاوە كوردە ماوەی زیاتر لە یەك مانگە لە گرتنگەی ئیتلاعات دایە و داوای 30 میلیۆن وەسیقە لە بنەماڵەكەی دەكەن كە هەتا كاتی دادگایی كردنی بە شێوەی كاتی ئازاد بكرێت، كە بەهۆی دەسكورتی ناتوانن دابینی بكەن.

هەواڵنێری كوردپا ئەوەشی ئاشكرا كردووە، بەپێی زانیاریی شایەتحاڵان و كەسانی نزیك لەو بنەماڵەیە، لە رۆژانی رابردوودا هێزە لیباس شەخسییەكانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حكوومەت بە نهێنی رژاونەتە ناو ماڵی باوكی رەشید رەشیدی و دەستیان كردووە بە پشكنین، لە كاتی هێرشی مەئموورەكاندا جیا لە كچێكی لاوی بنەماڵەكە بەناوی \"شادی\" كەسی دیكەیان لە ماڵ نەبووە و ئەمەش بۆتە هۆی ترس و تێكچوونی باری دەروونی و تووشی خوێن به‌ربوونی ناوەوە بووە و لەو رۆژەوه‌ نەخۆشە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لەمەڕ هۆکاری گیران و تاوانەکانی ئەو زیندانیە هەواڵ و زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە.