بنەماڵەی زیندانییان، لە بەرانبەری دادگای سنەدا کۆ بوونەوە

21:21 - 23 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی زیندانییان لە گرتووخانەی شاری سنەدا، لە بەرانبەر دادگای ئەو شارەدا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی بانەمەڕ، بنەماڵەی زیندانییان لە گرتووخانەی شاری سنەدا، لە هەمبەر بارودۆخی خراپی زیندانییان لە بەرانبەر دادگای ئەو شارە لە بلواری بەسیجدا، کۆ بوونەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە ڕایگەیاند: \"پاش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی زیندانییان، هێزەکانی گاردی شۆڕش هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کۆبوونەوەکە و هەوڵی بڵاوەپێکردنی بنەماڵەکانیان داوە.

بە وتەی هەواڵنێری کوردپا، هێزەکانی گاردی دژە شۆرش، دەستیان بە لێدان و ئازاری ئەو بنەماڵانە کردووە.

بەندکراوانی گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە، لە ئیمکاناتی خۆشبژیوی بێبەرین و لە بارودۆخێکی نالەباردا بەسەر دەبەن و ئەمەش ناڕەزایەتیی بنەماڵەکانیانی لێکەوتووەتەوە.